سزای دوورخستنەوە و خانەنشینکردنی 5 مامۆستای کورد لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی کارگێڕیی ئێرانەوە پەسندکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگای تێهەڵچوونەوەی کارگێڕیی ئێران سزای دوورخستنەوە و بە ناچار خانەنشینکردنی 5 مامۆستای سنە و سەقزی پەسندکرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025 مەجید کەریمی، مامۆستای خەڵکی سنە بە رووداوی راگەیاند، "لقی 31ی دادگای تێهەڵچوونەوەی کارگێڕیی ئێران سزای خانەنشینکردن، دەرکردن و دوورخستنەوەی بۆ من، غیاس نەعیمی، نەسرین کەریمی، فەیسەڵ نووری و شەهرام کەریمی، ئەندامانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی سنە و سەقز پەسند کرد."
 
مەجید کەریمی گوتی، بۆ هەمیشە لە پیشەی مامۆستایەتی دوورخراوەتەوە و تەنانەت ناتوانێ بیمە یان مووچەی خانەنشینبوونی وەربگرێت.
 
کەریمی ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی یاسای ئێران ئەنجام داوە و بڕیارەکانی دادگا بۆ دوورخستنەوەیان ناڕەوایە.
 
ئەو دادگایە سزای دەرکردنی سەلاح حاجی میرزایی پەسندنەکرد و جارێکی دیکە بۆ پێداچوونەوە رەوانەی دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران کردەوە.
 
لە 20-08-2025 دەستەی تێهەڵچوونەوەی و پێداچوونەوە بە سەرپێچییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران شەهرام کەریمی بە 6 مانگ دوورخستەوە و مەجید کەریمی و غیاس نەعیمی بە دەرکردن، سەلاح حاجی میرزایی بە دوورخستنەوە بۆ یەک ساڵ و نەسرین کەریمی بە خانەنشینکردنی ناچاری و هاوکات دوورخستنەوەی فەیسەڵ نووری بۆ پێنج ساڵ بۆ پارێزگای کرماشان سزا دا.
 
بەشێک لەو مامۆستایانەی سزادراون، بڕوانامەی ماستەریان هەیە.
 
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی پارێزگای سنە ئەمڕۆ سێشەممە گوتی، سزادانی مامۆستایانی قوتابخانە لە پارێزگای سنە بەهۆی ناڕەزاییان بووە لە خراپی سیستمی پەروەردە و بۆ داکۆکی لە مافی قوتابییان و هاوپیشەکانیان لە رێگەی مانگرتن و گردبوونەوە ناڕەزاییان دەربڕیوە و هیچ تاوانێکیان نەکردووە تاوەکو سزا بدرێن.