سوپای پاسداران مانۆڕی دەریایی لە کەنداو دەکات و هۆشداریی دەداتە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی دەریایی لە کەنداو کرد و هۆشداریی دایە ئەو کەشتییە جەنگییانەی ئەمریکا کە لە ناوچەکەدان. ئەم مانۆڕە زیاتر لە پێنج مانگ دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دێت، کە هێزەکانی ئەمریکاش بەشداربوون.
رۆژی پێنجشەممە 04-12-2025، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، مانۆڕەکە "گیانی قوربانیدان و خۆڕاگریی" هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران "بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک" لەسەر ئێران دوای جەنگەکەی مانگی حوزەیران، نیشان دەدات.
ئەو هێرشانەی مانگی حوزەیران بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس، لەنێویاندا فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، وای لە ئێران کرد بە هێرشی درۆنی و مووشەکی وەڵام بداتەوە کە بووە هۆی کوژرانی جەندین کەس لە ئیسرائیل.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، یەکە دەریاییەکان "هۆشدارییان داوەتە ئەو کەشتییە ئەمریکییانەی لە ناوچەکەدان و پەیامێکی تووندیان گەیاندووە،" هەرچەندە ناوەڕۆکی پەیامەکان روون نین و هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
میدیای فەرمیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپای پاسداران راهێنانی بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ "شەڕی ئەلیکترۆنی" کردووە، "توانیویەتی بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، ئامانجە ئاسمانی و دەریاییەکان دەستنیشان بکات."
کەنداو و گەرووی ستراتیژیی هورمز ساڵانە رێڕەوی نزیکەی 20٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانن.
رۆژی چوارشەممە، عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند: "هیچ وڵاتێک ناتوانێت رۆڵی گەرووی هورمز کەم بکاتەوە" و بەڵێنی پاراستنی ئەو رێڕەوە ئاوییەی دا.
میدیای ئێران لە زاری فەدەوییەوە بڵاویکردەوە: "ئاسایشی کەنداوی فارس هێڵی سووری ئێرانە" و هەردوو رکابەرەکەی تاران، ئەمریکا و ئیسرائیلی، بە "پاڵنەری سەرەکیی ناسەقامگیریی جیهان" وەسف کرد.
سوپای پاسداران چەندین جار دەستی بەسەر کەشتیی نەوتهەڵگری بیانییدا گرتووە لە کەنداو، بە بیانووی ئەوەی کە ئامرازی قاچاخچێتیی سووتەمەنین.