سوپای پاسداران: دەستمان بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە سنووری ئاوەکانی کەنداو دەستیان بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرتووە و 15 کارمەندی بیانیشیان دەستگیر کردووە؛ دەشڵێت: "کەشتییەکان سووتەمەنیی قاچاخیان هەڵگرتبوو."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-02-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی ناوچەی دووی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان لە نزیک دوورگەی "فارسی" لە کەنداو، دوو کەشتییان راگرتووە، کە بڕی یەک ملیۆن لیتر سووتەمەنیی قاچاخیان تێدابووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 15 ئەندامی ستافی هەردوو کەشتییەکە کە رەگەزنامەیان بیانییە، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام ئاماژە بەوە نەکراوە کەشتییەکان سەر بە کام وڵاتن و ستافەکانیان خەڵکی کوێن.
حەیدەر هونەرییان موجەرەد، فەرماندەی ناوچەی دووی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوای دەستبەسەرداگرتنیان، هەردوو کەشتییەکە و ستافەکانیان بۆ بەندەری بوشێهر گوێزراونەتەوە تاوەکو رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە، ناوچەکە لە دۆخێکی تەواو هەستیاردایە؛ ئەمریکا هێزێکی زۆری لە ناوچەکە جێگیر کردووە و واشنتن هۆشداریی داوەتە تاران، ئەگەر دانوستاندنە چاوەڕوانکراوەکانی نێوانیان سەرکەوتوو نەبن، ئەوا بژارەی سەربازی و بەکارهێنانی هێز دژی ئێران کراوە دەبێت.
سوپای پاسداران پێشتریش چەندین جار لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز، بە تۆمەتی "قاچاخچێتی" یان "سەرپێچیی یاسا نێودەوڵەتییەکان" دەستی بەسەر کەشتیی وڵاتانی جیاوازدا گرتووە.