وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەرەو مەسقەت بەڕێکەوت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەرەو مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێکەوت. راشیگەیاند، ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و شەرافەتمەندانە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسماعیل بەقائی، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە بۆ گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە و جێگەی رەزامەندیی هەردوولایە لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی.
گوتیشی: "ئەزموونە تاڵەکانی رابردوو، لەوانەش بەڵێن شکاندنەکان، هێرشی سەربازیی مانگی حوزەیران و دەستوەردانە دەرەکییەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لەبەرچاومانن."
جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران بە ئەرکی خۆیان دەزانن، بەڵام هاوکات بەرپرسیارن لەوەی هیچ دەرفەتێکی دیپلۆماسی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەل و پاراستنی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە لەدەست نەدەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی وڵاتانی دۆست و دراوسێ و ناوچەکەی کرد کە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە رەخساندنی ئەم کەشەدا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستان. هەروەها هیوای خواست لایەنی ئەمریکی "بە بەرپرسیارێتی، واقیعبینی و جیدی" بەشداری لەم خولەی دانوستاندنەکاندا بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایانگەیاند، پڕۆسەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، "ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن داواکارییەکانی تارانی بۆ گۆڕینی شوێن و شێوازی کۆبوونەوەکە رەتکردەوە."
بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئاژانسی ئەکسیۆس کردبوو، "هەردوو وڵات پێشتر رێککەوتبوون رۆژی هەینی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا کۆببنەوە، بە مەرجێک چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن؛ بەڵام رۆژی سێشەممە، ئێرانییەکان داوایەکی نوێیان پێشکێشکرد بۆ گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ عومان."
دەستپێکردنەوەی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێت کە پار (نیسان بۆ حوزەیرانی 2025)، چەندین گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، پرۆسەکە شکستی هێنا.