فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: تاوەکو ئەمریکا بێهیوا نەکەین ناوەستین

رووداو دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران رایگەیاند، بۆیان گرنگ نییە جەنگەکە چەند رۆژ دەخایەنێت و دەڵێت: "ئەو کاتە کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنین کە بگەینە ئامانجەکانمان و دووژمن بێهیوا بکەین."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-03-2026، کیومەرس حەیدەری، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران رایگەیاند: "ئێمە بڕیارمان داوە تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا بێهیوا نەکەین، دەستبەرداری ئەم شەڕە نەبین." ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیان ئەوەیە دووژمن لە کارەکانی "پەشیمان" بکەنەوە.
 
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هومز و جووڵەی کەشتییەکان، حەیدەری گوتی: "ئێمە لە گەرووی هورمز سەرقاڵی سەپاندنی سەروەریی دەریایی خۆمانین و ئەمەش تەنیا بەشێکی بچووکە لە گۆڕەپانە گەورەکەی جەنگ."
 
جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا جەختی لەوە کردەوە، کێشەیان لەگەڵ ئەو کەشتییانەدا نییە، کە پابەندی رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکانن، بەڵام هۆشداریی دا: "ئەگەر کەشتییەک بێباک بێت یان لەژێر پەردەی بازرگانیدا کردەی سەربازی بکات، توانای دەستنیشانکردنیانمان هەیە و رێگەیان پێنادەین بەردەوام بن."
 
شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل چووەتە شەشەمین رۆژیەوە و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران بەردەوامن.