تاران بە چڕی بۆردوومان کرا


رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمی نێوخۆی ئێران بڵاویکردەوە، چەند ناوچەیەکی جیاواز لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای تارانی پایتەخت رووبەڕووی هێرشێکی چڕی ئاسمانی بوونەتەوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز دەبیسترێت.
 
کاژێر 5:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، جارێکی دیکە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرش کراوەتە سەر تاران. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئامانجی هێرشەکان بنکە و بارەگا سەربازییەکان بووە، لەوانە بنکەیەکی ئەرتەش.
 
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر پایتەخت، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی بەندەر عەباس، مەلایەر و کیش بیستراوە. هەروەها لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی سنە و جوانڕۆ بیستراوە، بەڵام هێشتا زیانەکان رانەگەیێندراون.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ماوەی پێنج رۆژی جەنگ و پێکدادانەکاندا، 962 کەس کوژراون و شەش هەزار و 186 کەسی دیکەش بریندار بوون.