لە 21 رۆژدا 880 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران دەڵێت، لە 21 رۆژی رابردوودا 880 کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە شارەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و 20 هەزار و 109 کەسیش بریندار بوون.
 
رۆژی شەممە 5ـی نیسانی 2025، تەیموور حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، هۆکاری زۆربوونی رووداوی هاتووچۆ بریتییە لە زۆربوونی گەشت لە جەژنی نەورۆز، خێرایی زیاد و گرنگینەدان بە یاساکانی هاتووچۆ.
 
ساڵانە لە ئێران لەگەڵ دەستپێکردنی پشووەکانی نەورۆزدا رووداوەکانی هاتووچۆ زیاد دەکەن.
 
لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، لە رووداوەکانی هاتووچۆدا 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدابوو.
 
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی پزیشکی بەهەشتی لە تاران، رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران دوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانن لە ئێران.