وەزیرى رۆشنبیریى ئێران: کۆمەڵگەی ئێران بایەخ بە لێدوانەکانی ترەمپ نادات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رۆشنبیری و گەشتیاریی ئێران هەڕەشەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپی بۆ لێدان لە ژێرخانی وڵاتەکەی رەتکردەوە و سەرۆکی ئەمریکای بە کەسایەتییەکی "ناسەقامگیر و خەیاڵپڵاو" وەسف کرد.
رۆژی یەکشەممە، 5ی نیسانی 2026 سەیدڕەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری رۆشنبیری و گەشتیاریی ئێران لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاژانسى "ئەسۆشیەیتد پرێس"ى ئەمریکی رایگەیاند، کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی بایەخ بە لێدوانەکانی ترەمپ نادات، چونکە پێیان وایە ئەو هاوسەنگیی کەسی، رەفتاری و زارەکیی نییە و بەردەوام لەنێوان هەڵوێستە دژبەیەکەکاندا دەگۆڕێت.
ئەمیری ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ بووەتە "دیاردەیەک" کە نە ئێرانییەکان و نە ئەمریکییەکانیش ناتوانن بە تەواوی شیکردنەوەی بۆ بکەن.
لەبارەی داخستنی تەنگەى هورمزیش، وەزیرەکەی ئێران گوتی: "تەنگەی هورمز بەڕووی جیهاندا کراوەیە، بەڵام بەڕووی دوژمنانی ئێراندا داخراوە."
ئەم وەڵامەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وادەى 48 کاژێریی دایە ئێران و هەڕەشەی کرد ئەگەر تاوەکو رۆژی سێشەممە تەنگەی هورمز نەکرێتەوە، ئەوا وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە "رادەماڵێت".
ترەمپ لە لێدوانێکدا گوتبووی کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئێرانییەکان لە "دۆزەخدا دەژین" و وڵاتەکەیان بە تەواوی لەنێودەچێت.
ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران پێی ناوەتە رۆژی 37ەم.
لە چەند رۆژی رابردوودا، گرژییەکان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەکانی پەرەپێدانی چەکی دەریایی لە تاران و کوژرانی بەرپرسی بازرگانیی نەوتی سوپای پاسداران، گەیشتوونەتە لووتکە.