جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: رۆژئاواش کڕیاری قسەکانی ترەمپ نییە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران شکستی هێناوە و گەیشتووەتە بنبەست. ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژئاوا و هاوپەیمانانی ئەمریکاش گوێ بە قسەکانی ترەمپ نادەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-04-2026 حەمیدڕەزا بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ''بێڕێزی''ی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر ئێران و ئێرانییەکان، نیشانەی ''بێچارەیی و وەستانی بیرکردنەوەیەتی.''
بە گوتەی حەمیدڕەزا بابایی، سەرۆکی ئەمریکا لە ئاست ئێران شکستی هێناوە و گەیشتووەتە بنبەست، ''بۆیە ئەم جۆرە قسەکردنە لە ترەمپ چاوەڕواننەکراو نییە.''
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو ئەگەر ئێران رێککەوتن نەکات، یان تەنگەی هورمز بۆ هاتووچۆی ئازادی کەشتییەکان نەکاتەوە، ئەوە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین.
وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، خەڵکی ئەمریکاش سەبارەت بە ئێران لەگەڵ بۆچوونی ترەمپ نین، ''بە ئامادەبوونی ملیۆنی لە شەقامەکان، ناڕەزاییان دەربڕی و پێیان راگەیاند کە ئەو چیدیکە نوێنەرایەتیی خەڵکی ئەمریکا ناکات.''