ترەمپ: خەڵکى ئێران لە نیوەی جەنگەکەدا جێناهێڵین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە "دانوستاندنێکی قووڵ دایە" لەگەڵ ئێران، بەڵام هۆشداریی دا ئەگەر تاوەکو رۆژی سێشەممە رێککەوتن نەکرێت، تەواوی ژێرخانی ئەو وڵاتە دەتەقێنێتەوە. هەروەها رایگەیاند کە خەڵکى ئێران لە نیوەى جەنگەکە جێناهێڵن.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" رایگەیاند: "دەرفەتێکی باش هەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام ئەگەر نەگەنە ئەنجام، من هەموو شتێک لەوێ دەتەقێنمەوە."
ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، لە 10 رۆژی رابردوودا، واشنتن و تاران لە رێگەی پاکستان، میسر و تورکیاوە خەریکی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە بەرامبەر کردنەوەی تەنگەی هورمز.
لە پرسیارى ئەوەى ئایا نیگەرانی گیانی خەڵکی سڤیل نییە، ترەمپ وەڵامی دایەوە ئەو ئێرانییانەی دژی حکومەتەکەیانن، پشتیوانی لەم هێرشانە دەکەن بۆ لاوازکردنی رژێم و گوتی: "ئەوان لە ترسدا دەژین، دەترسن لەوەی لە نیوەی جەنگەکەدا جێیان بهێڵین، بەڵام ئێمە جێیان ناهێڵین."
سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری فەرمیی خۆی هەڕەشەی لە ژێرخانی سڤیلی ئێران کرد و نووسیویەتی: "رۆژی سێشەممە دەبێتە رۆژی وێستگەکانی کارەبا و رۆژی پردەکان لە ئێران... ئەو تەنگەیە بکەنەوە یان لە دۆزەخدا بژین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردە تایبەتەکانی، لە دانوستانی چڕدان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
ترەمپ گوتی: "دانوستانەکان باش بەڕێوەدەچن، بەڵام هیچ کاتێک لەگەڵ ئێرانییەکان ناگەیتە هێڵی کۆتایی." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتێک تاران پێشنیازی کردووە دوای 5 رۆژی دیکە کۆببنەوە، ئەو هەستی کردووە جددی نین، بۆیە فەرمانی لێدانی ئەو پردەی داوە کە تاران بە باکووری وڵاتەکەوە دەبەستێتەوە.
لە بەرامبەردا، تاران واشنتنی بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی بۆ سەر ژێرخانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو کرد.
لە هەمان کاتدا، نێوەندگیرەکان لە پاکستان، میسر و تورکیا کەمتر لە ترەمپ گەشبینن، بەڵام هەوڵ دەدەن پاکێجێکی "بونیادنانی متمانە" ئامادە بکەن تاوەکو وادە دیاریکراوەکەى ترەمپ درێژ بکرێتەوە.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسی و سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران پێی ناوەتە رۆژی 37ەم و بووەتە هۆی داخرانی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار.