لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی بەندەرعەباس: دوو بەڕێوەبەر دەستگیرکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی شاری بەندەرعەباس دەڵێت، دوو بەڕێوەبەر دەستگیرکراون؛ ئاماژە بە درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکانیش دەکات.
 
لیژنەی پێکهێندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێران تایبەت بە هۆکارەکانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی شاری بەندەرعەباس، دووەمین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە لە چوار خاڵ پێکدێت:
 
1. دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی سەرەکی: دوای سەلماندنی کەمتەرخەمیی هەندێک لە بەرپرسان بە پشتبەستن بە راپۆرتی سەرەتایی راگەیێندراوی ژمارە 1، بەڕێوەبەرێکی حکومی و بەڕێوەبەرێکی کەرتی تایبەت بە دەرکردنی فەرمانی یاسایی دەستگیرکران؛ هەروەها پرۆسەی بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارانی دیکەش بەردەوامە.
 
2. بەدواداچوون بۆ لێدوانی ناڕاست: ئەو کەسانەی زانیاریی ناڕاستیان داوە دەستنیشان کراون و بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵیان بەردەوامە.
 
3. بەردەوامیی بەدواداچوونە تەکنیکییەکان: لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە دیاریکردنی هۆکاری یەکلاییکەرەوەی رووداوەکە پێویستی بە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانە و رێکاری تەکنیکی و تاقیگەیی هەیە کە بە وردی ئەنجام دەدرێن.
 
4- پابەندبوون بە شەفافیەت: لیژنەی لێکۆڵینەوە پابەندە بە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتەکە بێ لایەنگری و بە پێدانی زانیاری روون بۆ رای گشتی، هاوکات پاراستنی رێبازێکی بێلایەن و هەمەلایەنە.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکارەکانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی شاری بەندەرعەباس رایگەیاندووە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان، راپۆرتی دیکەش بڵاودەکرێنەوە.
 
رۆژی 29ی نیسانی 2025، لیژنەکە یەکەمین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکارەکانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی شار خرایەڕوو کە لە سێ خاڵی سەرەکی پێکهاتبوون:
 
یەکەم: کەموکورتی لە پابەندبوون بە بنەماکانی سەلامەتی و بەرگری هەبووە.
 
دووەم: لە هەندێک باردا زانیاریی هەڵە و پێچەوانە تۆمارکراوە و دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هەوڵی ناسینەوەی سەرپێچیکاران دەدەن.
 
سێیەم: دیاریکردنی هۆکاری یەکلاییکەرەوەی ئەم رووداوە پێویستی بە بەدواداچوونی تەواو و هەمەلایەنە لە هەموو رەهەندەکانییەوە هەیە، ئەوەش پێویستی بە چەندین پرۆسەی تەکنیکی و تاقیگەیی هەیە. 
 
رۆژی 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا؛ دواتر ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە کە دوای شەش رۆژ کۆنترۆڵ کرا.
 
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، لە تەقینەوەکەدا 70 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە یەک هەزار و 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.