عەباس عێراقچی: ئیسرائیل خەریکە ئەمریکا بەرەو کارەسات دەبات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵدەدات ئەمریکا پەلکێشی "کارەسات"ـێک دەکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل هێرش نەکاتە سەر ئێران.
 
رۆژی دووشەممە 05-05-2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس نووسی: "نەتەنیاهوو [سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل] راستەوخۆ خۆی تێکەڵی حکومەتی ئەمریکا کردووە، لە پێناو ئەوەی پەلکێشی کارەساتێکی دیکەی ناوچەکەمان بکات."
 
عێراقچی لەسەر بنیامین نەتەنیاهوو نووسی: "نەتەنیاهوو تیمی شکستخواردووی بایدنی هەڵخەڵەتاند بەوەی 23 ملیار دۆلاری لە دەست دەرهێنا، ئەو بڕە پارەیە بەشێکی کەمی ئەو تێچووەیە لە هەر هەڵەیەک بەرامبەر ئێران بکرێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران نەتەنیاهووی بەوە تۆمەتبارکرد کە "بێشەرمانە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی ئەو شتانە بکات کە سەرۆک ترەمپ لە دیپلۆماسییەتی خۆی لەگەڵ ئێران پێی دەکرێت یان نا."
 
باڵاترین دیپلۆماتی ئێران جەختی کردەوە کە ئەمریکا لە جەنگی غەززە پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەکات و گوتی: "پشتیوانیکردنی جینۆساید لە غەززە لەلایەن نەتەنیاهوو، هەڵگیرسانی جەنگ بە نوێنەرایەتیی نەتەنیاهوو لە یەمەن، هیچی بۆ گەلی ئەمریکا دەستنەخستووە."
 
دوێنێ یەکشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو ئێرانی بە هۆکاری هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل زانی و بەڵێنی "وەڵامدانەوە"ـی دا. ئێران رەتیکردەوە هیچ دەستێکی لەو هێرشە بووبێت.
 
گفتوگۆکانی ئەتۆمی
قسەکانی عێراقچی دوای ئەوە هاتن کە دوایین گەڕی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کە دەبوو شەممە کرابا، دواخرا. عومانی نێوەندگیر گوتی "بەهۆکاری لۆجیستی" دواخراوە.
 
لە 12ـی نیسانەوە دوو وڵاتەکە سێ جار کۆبوونەتەوە، لە دوای ئەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2018 کشایەوە، ئەمە ئاستبەرزترین کۆبوونەوەی نێوان تاران و واشنتن بوو.
 
نەتەنیاهوو داوایکردووە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڵبوەشێتەوە و گوتوویەتی: "رێککەوتنێکی پشت پێبەستراو بریتییە لە پەکخستنی توانای ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و رێگەگرتن لە پێشخستنی مووشەکی بالیستی."
 
هەر دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو تەنیا بە "هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران" رازیی دەبێت، بەڵام ئاماژەی ئەوەشی پیشاندا کە ئێران دەتوانێت بۆ "مەبەستی مرۆیی" پەرە بە چەکەکەی بدات.
 
ترەمپ گوتی: "ئێستا گریمانەیەکی دیکە هەیە کە ئێران دەتوانێت بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاری بهێنێت، واتا بۆ دەستخستنی کارەبا، من ئامادەم گوێم لە قسەکانیان بێت."
 
عێراقچی داواشی لە ئەمریکا کرد خۆی لە داواکاریی "ناواقیعی" لەسەر ئەو پرسە بەدوور بگرێت.
 
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، عێراقچی گوتی، تاران دەتوانێت کار لەسەر ئەو نیگەرانییانە بکات کە لەبارەی "دەستخستنی چەکی ئەتۆمی" هەن و گوتیشی، "لە رێککەوتن نزیکین."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەسەر پرسی رێککەوتنی ئەتۆمی دەربڕی. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، تاران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات و ئێران هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردوونەتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ئەگەر ئامانجەکە ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، دەکرێت رێککەوتن بکرێت و تەنیا یەک رێگەش بۆ ئەمە هەیە، "دیپلۆماسییەت لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش."