عێراقچی: پڕۆژەی ئازادیی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز پڕۆژەی بنبەستە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنە لە پرۆژە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ تەنگەی هورمز دەگرێت و دەڵێت، "پڕۆژەی ئازادیی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز لە راستیدا پرۆژەی بنبەستە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، شەوی دووشەممە 4ی ئایار بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە بەرامبەر پێشهاتە نوێیەکانی تەنگەی هورمز رایگەیاند، "پەرەسەندنەکانی تەنگەی هورمز بە روونی ئەوە پێشان دەدەن کە چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانێکی سیاسی نییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە بەردەوامیی هەوڵەکانی پاکستان بۆ رێکخستنی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "لە کاتێکدا بەهۆی هەوڵەکانی پاکستانەوە دانوستاندنەکان لە بەرەوپێشچووندان، دەبێت ئەمریکا هۆشیار بێت تاوەکو لە لایەن ناحەزانەوە دووبارە رانەکێشرێتە ناو زۆنگاوێکەوە، ئماراتی یەکگرتووی عەرەبیش بە هەمان شێوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی) بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز راگەیاندووە کە لە رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026ـەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە. کۆشکی سپی دەڵێت، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاراستن و هێنانەدەرەوەی ئەو کەشتییە بازرگانییانەیە کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە.
دوای راگەیاندنی پرۆژەکەی ترەمپ، سوپای ئێران هۆشداریی دایە هەر هێزێکی بیانی کە بەبێ مۆڵەتی تاران هەوڵی تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز بدات.
رۆژی دووشەممە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، شەش بەلەمی بچووکی ئێرانییان لە تەنگەی هورمز ژێرئاو خستووە، کە هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر کەشتییە سڤیلەکان. بەڵام میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی وڵاتەکەیانەوە بڵاویانکردەوە، "ئەو بانگەشەیەی ئەمریکا بۆ نوقمکردنی ژمارەیەک کەشتی و بەلەمی جەنگیی ئێران کردوویەتی، رەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی راستیی تێدا نییە."