سوپای پاسداران: هەر کەشتییەک بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، دەبێت مۆڵەت لە ئێران وەربگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سیاسیی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، تەنگەی هورمز لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و هەر کەشتییەک بییەوێت تێپەڕێت، دەبێت مۆڵەت لە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی وەربگرێت. دەشڵێت، "جەنگ لەگەڵ ئێران بە واتای کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا دێت."
 
یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی دووشەممە 4ی ئایاری 2026 لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "تەنگەی هورمز ناوچەیەکی ستراتیژیی جیهانە و لەمەودوا هەر جۆرە هاتووچۆیەک لەو ناوچەیە، ئەگەر لەلایەن دووژمنانەوە بێت، رووبەڕووی وەڵامێکی تووند و تێکشکێنەر دەبێتەوە."
 
جێگری سیاسیی سوپا ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامی نەخشەیەکی نوێی بۆ سنووری دەسەڵاتی خۆی لە تەنگەی هورمز دیاریکردووە و گوتی، "هەر کەشتییەکی دیکە کە بییەوێت لەوێ تێپەڕێت، بۆ ئەوەی ئاسایشی پارێزراو بێت، دەبێت بە مۆڵەتی هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتووچۆ بکات."
 
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران باسی لەوە کرد کە سەردەمی باڵادەستیی ئەمریکا لە ناوچەکە کۆتایی هاتووە و پێیوایە ئێستا تەنیا رێگە لەبەردەم واشنتن دانوستاندنە.
 
جەوانی گوتی، "دەبێت دان بە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە بنێن، کە وەرگرتنی باجیش دەگرێتەوە."
 
سەبارەت بە هەڕەشەکانی واشنتن، یەدوڵڵا جەوانی جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ ناتوانێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت و گوتی، "ئەمریکا هەموو هێزی خۆی تاقی کردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر شکستی هێنا. پەیامی ئێران روونە؛ تەنگەی هورمز لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و هیچ جووڵەیەک بێ مۆڵەت نابێت بکرێت."
 
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند. لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاند، دوو کەشتیی تێکشکێنەری هێزی دەریایی ئەمریکا (USS Truxtun و USS Mason) لە کاتی تێپەڕینیان بە تەنگەی هورمزدا، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی، درۆنی و بەلەمی خێرای ئێران بوونەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
 
دۆناڵد ترەمپ لە کاردانەوەیەکدا هۆشداریی دابوو، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان، ئەوا "لەسەر رووی زەوی دەسڕدرێنەوە."