سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل: لە ئەگەری هێرشکردنەوە سەرمان، هیچ هێڵێکی سوورمان نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و دەڵێت، لە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران، تاران هیچ هێڵێکی سووری نابێت.
 
عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای عەرەبی، باسی لە جەنگی 12 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، کە لە 13 تاوەکو 25ی حوزەیران بوو، تێیدا هێرش کرایە سەر بنکە ئەتۆمی و پێگە سەربازییەکانی ئێران و تاران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی، ئامانجی ئیسرائیل لەنێوبردنی تواناکانی ئێران بوو؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل بە روونی رایگەیاند کە جەنگ دژی ئێران بە ئامانجی خۆڕادەستکردن، هەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی دەسەڵاتە.
 
نائینی گوتی، "دوای ئەوەی دووژمن نەیتوانی لە رێگەی دانوستاندنەوە بە ئامانجەکانی بگات، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستیپێکرد."
 
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج و بەنیازی تێکدانی سەقامگیری و نەهێشتنی ویستی خەڵکی ئێران بوو، "بەڵام وەڵامێکی خێرای ئەوانمان دایەوە. وەڵامدانەوەی خێرای ئێران کاری دووژمنی تێکدا. پێویستە سەیری ئامانجەکانی جەنگ بکەین، بۆئەوەی بزانین کێ سەرکەوت و کێ دۆڕا."
 
نائینی ئەوەشی خستەڕوو، لە جەنگەکەدا بە زیاتر لە 2000 مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، "کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئامانجە ستراتیژییە سەربازی، ئەمنی و ئابوورییەکان"ی ئیسرائیل بکاتە ئامانج و تێکیان بشکێنێت.
 
4ی تەممووزی 2025 عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێرانیش لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی حوسێن سەلامی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە تاران رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر وڵاتەکەی، ئەمجارە "ئەمریکاش ناتوانێت نەتەنیاهوو" رزگار بکات.
 
سوپاسالاری ئێران گوتی، "پلانێکی وامان ئامادە کردبوو کە دووژمن بێچارە بکات، بەڵام بە راگرتنی جەنگەکە، دەرفەتی جێبەجێکردنی نەڕەخسا. ئەگەر دووبارە هەڵەیەک بکرێت، ئەو پلانە جێبەجێ دەکرێت. رەنگە ئیدی ئەمریکاش نەتوانێت نەتەنیاهوو رزگار بکات."
 
لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو وڵاتە، لانیکەم 935 کەس کوژران، لەنێویاندا دەیان ئەفسەری سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی. 
 
هەروەها هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی 29 کەس.