عەلی لاریجانی بووە سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆمار ئێران سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی دیاری کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025 بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، عەلی لاریجانی بە سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرا.
 
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 02-08-2025 میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتدا دەکرێن و ئەگەری زۆرە عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەستنیشان بکرێت.
 
ئاژانسی هەواڵیی فارس بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، "هەندێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کراون، بڕیارە ئەنجوومەنێکی نوێ بەناوی (ئەنجوومەنی بەرگری) لەنێو ئەو دامەزراوەیەدا پێکبهێنرێت."
 
شەوی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەرگریی ئەو وڵاتەی راگەیاند.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران لە سەر بنەمای مادەی 176ی دەستووری وڵاتەکە دراوە و ئەرکەکەی تاوتوێکردنی پلانە بەرگرییەکان و بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران و بڕیاردانە لەسەریان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنەکە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان و بەرپرسانی ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەندام دەبن.
 
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فارس، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنەکە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسیارێتی چەند دۆسیەیەکی تایبەت و ستراتیژیی ئێرانی پێدەدرێت.
 
بەپێی مادەی 176ی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەتوانێت بەپێی ئەرکەکانی خۆی ئەنجوومەنی لاوەکی وەک ئەنجوومەنی بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات پێکبهێنێت.
 
لە مادەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتی هەریەک لە ئەنجوومەنە لاوەکییەکان یان لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەکرێت یانیش ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت.