جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: پشتگیریی پڕۆژەی رێگەى گەشەپێدان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى پشتگیری لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە عێراق دەکات. دەشڵێت لە بارەى دۆسیەی وزە گفتوگۆ لە نێوانیاندا هەیە.
 
چوارشەممە 5ى ئەیلوولى 2025 سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى عێراق کۆبووەوە. 
 
 سەعید خەتیب زادە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاى فەرمى عێراق گوتى: "تاران پشتگیری لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە عێراق دەکات، چونکە ئەم رێڕەوە ئابووریانە سوودى زۆرى بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەیە."
 
رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنوورى باکووری کوردستان و تورکیا و ساڵى 2050 تەواو دەبێت.
 
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
 
عێراق بۆ دابینیکردنی بەشێکی کارەباکەی، پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناو بەناو ئێران بڕی ئەو گازە کەمدەکاتەوە، کە عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وڵاتەی دەکڕێت. سەعید خەتیب زادە لەبارەی پرسی وزە، گوتی لەسەر ئەو دۆسیەیە گفتوگۆ لە نێوانماندا هەیە.
 
لەبارەى جەنگى 12 رۆژەى وڵاتەکەى لەگەڵ ئیسرائیل، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "هەوڵمان دەدا ناوچەکە لە شەڕ بپارێزین، لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمانەوە، دوای یەکەم دەستدرێژی، هەڵسەنگاندن دەکەین و هەموو ئەگەرەکان کراوەن، بەڵام هەوڵدەدەین ناوچەکە لە شەڕێکی بێ کۆتایی بپارێزین و ئەگەری روودانی شەڕ لەگەڵ زایۆنی هەیە و زۆرە."