پەرلەمانی ئێران لابردنی چوار سفری لە دراوی نیشتمانیی وڵاتەکە پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە پڕۆژەیاسای لابردنی چوار سفری لە دراوی نیشتمانیی وڵاتەکە پەسندکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2025، شەمسەدین حوسێنی، سەرۆکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا دوای رەچاوکردنی تێبێنییەکانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و گونجاندنی پرۆژەیاساکە لەگەڵ یاسای نوێی بانکی ناوەندی، پرۆژەیاسای لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتمانیی ئێران بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند کرا.
شەمسەدین حوسێنی گوتی، بە پێی یاساکەی پەرلەمان یەکەی دراوی ئێران هەر ریاڵ دەمێنێتەوە، بەڵام چوار سفری لەسەر لادەبرێ و هەر ریاڵێکی نوێ یەکسان دەبێ بە 10 هەزار ریاڵی ئێستا؛
گوتیشی، بەپێی یاساکە یەکەی وردی دراوەکەش دەبێتە قران و هەر ریاڵێکی نوێ بە 100 قران دانراوە.
دوای پەسندکردنی پرۆژە یاساکە لە لایەن پەرلەمانەوە، رەشنووسەکەی بۆ ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەنێردرێ و بۆ ئەوەی بە فەرمی ببێتە یاسا و بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لە لایەن ئەنجوومەنەکەوە پەسند بکرێ.
لە بڕگەیەکی یاساکەدا هاتووە کە دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، پێویستە بانکی ناوەندیی ئێران لە دوو ساڵدا ژێرخانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانە ئامادە بکات. دواتر ماوەیەکی سێ ساڵە بۆ قۆناخی راگوزەر دانراوە و لەو ماوەیەدا دراوی کۆن و نوێ کاری پێدەکرێ.
سەرۆکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، ئامانج لەو کارە ئاسانکاری لە ژیانی خەڵک و باشترکردنی پێکهاتەی دراوی ئێرانە.
ئێستاش یەکەی دراوی ئێران ریاڵە، بەڵام لە بازاڕدا مامەڵەکان بە تمەن دەکرێن. بۆ ئەوەی ریاڵی ئێستا بکرێتە تمەن، سفرێکی لادەبردرێ.
ریاڵی ئێران ئێستا یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهانە و یەک دۆلاری ئەمریکی ئێستا سەروو یەک ملیۆن و 160 هەزار ریاڵ دەکات کە دەکاتە زیاتر لە 116 هەزار تمەن.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئێران لەکاتێکدایە، بەهۆی گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەهای دراوی ئێرانی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرامبەر دراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت دۆلار دابەزیوە.
پرۆژە یاسای لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتمانیی ئێران، یەکەمجار لە ساڵی 2019 و لە سەردەمی کابینەی دووەمی حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئێران ئامادە و پێشکێشی پەرلەمان کرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران راگیرا.