قەیرانی ئاو لە ئێران: لە 20 پارێزگا تەنانەت دڵۆپێک باران نەباریوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسیی ئێران رایگەیاند، کێشەی ئاو لەو وڵاتە زۆر گەورەیە و "ئێستا لە دۆخێکی قەیراناویدان".
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "پێویستە سەبارەت بە قەیرانەکە راستییەکان بە خەڵک بڵێین." بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی وڵاتەکەش، لە سەرەتای پاییزەوە لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە لە 20 پارێزگا تەنانەت دڵۆپێک باران نەباریوە.
وشکەساڵی و کێشەی کەمئاوی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بەرپرسانی ئێران لەبارەی سەختتربوونی دۆخەکە هۆشداری دەدەن.
سەحەر تاجبەش، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لە شاری هەمەدان رایگەیاند، کێشەی ئاو لە ئێران زۆر گەورەیە و ئێستا لە دۆخێکی قەیراناویداین.
بەڕێوەبەری کەشناسیی ئێران گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی کەمئاوی و دۆخی خراپی سامانی ئاو، پێویستە بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی باشتر کۆنترۆڵ بکرێت.
سەحەر تاجبەخش دەڵێت، "پێشبینییەکان بۆ بارینی باران لە وەرزی پاییزدا باش نین و ئێستا هیوامان بە وەرزی زستانە، بەڵام بارینی بەفر و باران لە زستاندا تەنیا دەتوانێ قەرەبووی بەشێک لە ئاوی پشت بەنداوەکان بکات و بەشی ئەوە ناکات دۆخی ئاو باشتر بێت."
"لە 20 پارێزگا تەنانەت دڵۆپێک باران نەباریوە"
بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی سامانی ئاو لە ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای پاییزەوە لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە لە 20 پارێزگا تەنانەت دڵۆپێک باران نەباریوە.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لەنێو ئەو پارێزگایانەدان کە پاییزی ئەم ساڵ هیچ بڕە بارانێک لێ نەباریوە.
لەنێو پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا لە پارێزگای ورمێ باران باریوە، کە ئەویش بڕەکەی زۆر کەمە و تەنیا 1 ملیمەتر بووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها دەڵێت، تێکرای بارینی باران لە 11 پارێزگای دیکە 3.4 ملیمەتر بووە کە بەراورد بە پار کە 14.8 ملیمەتر باران باریبوو، بە رێژەی 77٪ کەمی کردووە.
"پێویستە سەبارەت بە قەیرانی ئاو راستییەکان بە خەڵک بڵێین"
محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئاوی ئێران ئاماژەی بە گەورەبوونی کێشەی ئاو لەو وڵاتە کرد و رایگەیاند، "پێویستە بە بەشداریی خەڵک پرسی ئاو رێکبخەین و سەبارەت بە کێشەکە راستییەکان بە خەڵک بڵێین".
بە گوتەی جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، "لە بواری بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی ئاودا رێوشوێنی باش گیراونەتەبەر، بەڵام هێشتا کارێکی زۆر ماوە."
محەممەدڕەزا عارف گوتی: "رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە هەندێک لە شارەکانمان هێشتا لە دەوروبەری 250 لیترە بۆ هەر کەسێک لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا رێژەکە لە ئەورووپا لە خوار 100 لیترە."
عارف جەختی لەسەر گۆڕانکاری لە کەرتی کشتوکاڵ و پێداچوونەوە بە شێوازی چاندن لە ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی کرد و گوتی: "بێگومان وەزارەتی کشتوکاڵ هەندێک رێوشوێنی لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە. لە رابردوودا ستراتیجمان خۆبژێوی بوو لە بەرهەمهێنانی هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دواتر ستراتیجەکەمان گۆڕی بە خۆبژێوی لە بەرهەمە ستراتیجەکان، بەڵام ئەمڕۆ دەبێ بزانین ئایا ئەو بەروبوومانەی کە ئاوی زۆر بەکاردەهێنن، هێشتا دەبێ لە ناوچە کەمئاوەکاندا بچێنرێن یان نە؟"
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران داوا لە بەرپرسان دەکات، کێشەی کەمیی ئاو وەکو پرسێکی ناوچەیی یان لە ئاستی پارێزگاکان سەیر نەکەن و دەڵێت، "حکومەت دەسەڵاتی بە وەزیری وزە داوە بڕیار لەسەر چۆنیەتی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو بدات. هەروەها بڕیار دراوە بەکارهێنانی ئاو بۆ ئاودێریکردنی پارک و شوێنە سەوزاییە گشتییەکان کەم بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رێوشوێنی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە بگیرێتەبەر."
"بەراورد بە 57 ساڵی رابردوو لە خراپترین دۆخداین"
سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی کەشوهەوا و کۆنترۆڵی قەیرانی وشکەساڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران دەڵێت، پێشبینی ناکرێ تاوەکو کۆتایی دووەم مانگی پاییزیش بڕێکی زۆری باران لەو وڵاتە ببارێت.
ئەحمەد وەزیفە، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی کەشوهەوا و کۆنترۆڵی قەیرانی وشکەساڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، لەڕووی بڕی بارینەوە ئەم ساڵ ئێران لە 57 ساڵی رابردوودا خراپترین دۆخی هەیە و پێشبینی ناکرێ تاوەکو کۆتایی دووەم مانگی پاییزیش بارینێکی بەرچاو هەبێ.
ئەحمەد وەزیفە گوتی، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ بۆ شەشەمین ساڵی لەدوای یەک وشکەساڵی بێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، "بەپێی هەڵسەنگاندنێک کە بۆ دۆخی بەنداوەکان و رووبارەکان کراوە، سامانی ئاو لە دۆخێکی قەیراناویدایە و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارە گەورەکانی وەکو تاران، تەورێز و مەشهەد رووبەڕووی کێشە و ئاڵنگاری بووەتەوە."
هۆشداریش دەدات، کەمیی ئاو لە ئێران کاریگەریی جیدی لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و ئاسایشی خۆراک لەو وڵاتە دەبێت.
"مەترسیی ئەوە هەیە بگەینە دۆخی رۆژی سفر ئاو"
سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی کەشوهەوا و کۆنترۆڵی قەیرانی وشکەساڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی ناکرێ لە دوو هەفتەی داهاتوودا بارانێکی بەرچاو لەو وڵاتە هەبێ و ئەمەش مەترسی گەیشتن بە دۆخی "رۆژی سفر ئاو" زیاد دەکات، کە زیادبوونی رۆچوونی زەوی لێدەکەوێتەوە.
"رۆژی سفر ئاو" ئاماژەیە بۆ ئەو کاتەی کە سامان و سەرچاوە ئاوییەکانی شارێک یان ناوچەیەک ئەوەندە کەم دەبنەوە کە رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە دابینکردنی زیاتر دەبێ و بە ناچاری ئاو لەسەر هاوبەشەکان دەبردڕێت و دابەشکردنی ئاو لەسەر گەڕەکەکانی شارێک دەکرێتە نۆرە.
بڕیار درا بەکارهێنانی ئاو لە تاران 10٪ کەم بکرێت
عیسا بوزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاند، رۆژی شەممە بە ئامادەبوونی وەزیری وزە و پارێزگاری تاران کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی قەیرانی ئاو لە شاری تاران بەڕێوەچووە و تێیدا باس لە دوایین دۆخی پێنج بەنداوی سەرەکی کراوە کە ئاوی شارەکە دابین دەکەن.
بە گوتەی عیسا بوزورگزادە، ئەو ئاوەی لە پشت بەنداوەکانی لەتیان، تاڵقان، ماملوو، لار و ئەمیرکەبیر هەیە زۆر کەمە و بەرگەی کاتێکی زۆر ناگرێت، بۆیە بڕیار دراوە کە بە رێژەی 10٪ی دیکە بەکارهێنانی ئاو لە شاری تاران کەم بکرێت، ئەویش بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی وزە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو.
پێشتر بەهزاد پارسا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوی تاران رایگەیاندبوو، بەنداوی ئەمیرکەبیر، کە یەکێکە لەو پێنج بەنداوەی ئاوی خواردنەوە بۆ پایتەخت دابین دەکەن، "تەنیا 14 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کە دەکاتە 8٪ی تواناکەی."
بەهزاد پارسا گوتبووی، بەنداوەکە تەنیا دەتوانێت بۆ "ماوەی دوو هەفتە" لە دابینکردنی ئاو بۆ تاران بەردەوام بێت.
وەزیری وزە هۆشداری دەدات
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران لەبارەی بەکارهێنانی زۆری ئاو هۆشداری دەداتە خەڵک و دەڵێت، هاوبەشەکان ئەگەری ئاوی زۆر بەکاربهێنن، رووبەڕووی بڕینی ئاو دەبنەوە. هەروەها ئەو هاوبەشانەی زیاتر لە پێوەری دیاریکراو ئاو بەکاربهێنن، بە پارەیەکی زۆر سزا دەدرێن.
وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، بڕیارە ئاوی بەنداوی لار بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بارانبارین و کەمیی ئاو بگوازرێتەوە بۆ تاران و کارەکە دەستیپێکردووە.
عەباس عەلی ئابادی دەڵێت، پلانی گواستنەوەی ئاو بە مانای کۆتاییهاتنی وشکەساڵی نییە و خەڵک دەبێت هاوکار بن و بە ژیرانە ئاو بەکاربهێنن. دەشڵێت، "ئەم ساڵ پاییزێکی وشکمان دەبێت و خۆمان بۆ بارودۆخی سەخت ئامادە دەکەین."
مانگێک و 14 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی پاییز تێدەپەڕێ، بەڵام هێشتا لەکۆی 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 20 پارێزگا هیچ بڕە بارینێک تۆمارنەکراوە.
پێشبینی دەکرێ لەم رۆژانەدا لە هەندێک ناوچەی ئێران، بەتایبەت لە پارێزگاکانی باکووری وڵاتەکە باران ببارێ، بەڵام پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە.