وەزیری دەرەوەی ئێران: تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستاندن دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دانوستانەکاندا پرسی مووشەک و ناوچەکە هەمیشە لەلایەن ئەمریکاوە وروژێنراوە، بەڵام ئەوان دانوستاندن لەسەر ئەو بابەتە ناکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەگەر دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا بکرێت، تەنیا لە سەر پرسی ئەتۆمی دەبێت."
 
عێراقچی گوتی: "لە دانوستانەکاندا، پرسی مووشەک و ناوچەکە هەمیشە لەلایەن ئەمریکاوە وروژێنراوە، بەڵام هەڵوێستەکانمان هەمیشە روون بووە لەوبارەوە و ئێمە تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دانوستاندن دەکەین."
 
لە بارەی سەردانی مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عومان، عێراقچی گوتی: "سەردانەکەی مەجید تەخت روانچی بۆ مەسقەت بۆ ئەو گوتووێژە سیاسیانە بوو کە لەگەڵ عومان دەیکەین." گوتیشی، "دانوستاندنی ئێران و عومان هەموو شەش مانگ جارێک لە تاران یان مەسقەت بەڕێوەدەچێت."
 
بەرلەوەی جەنگی 12 رۆژەی تاران و تەل ئەڤیڤ لە 13ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستپێبکات، پێنج گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەچوون.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێستا هیچ پلانێک نییە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، کە پێویستی بە نێوەندگیری هەبێت."
 
لە مانگی ئابدا فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا میکانیزمی "سناپباک"یان کارا کرد، کە رێگەی بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 30 رۆژدا دەدا، ئەگەر سەلمێندرابا ئێران رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـی پێشێل کردووە و دوای 30 رۆژەکەش سزاکان گەڕێندرانەوە. 
 
لە 29ـی ئەیلوولدا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانییەوە، کۆمەڵێک سزای بەرفراوان دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.
 
لە 18ـی تشرینی یەکەمیشدا ئێران کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند و گوتی، هیچ بڕگە و کۆتوبەندێکی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کاری پێناکرێ.