ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا دژی قسەکانی ترەمپ تۆمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، قسەکانی ترەمپ لەبارەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی مەترسیدارن و داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، بەخێرایی بۆ تاوتوێی ئەو پێشهاتە نیگەرانکەرانە کۆبێتەوە.
ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەیدا دەڵێت، لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەیەوە راسپێردراوە، "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش لە قسە زۆر نیگەرانکەرەکانی سەرۆکی ئەمریکا ئاگادار بکاتەوە" و ئەو قسانە بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئەمریکاوە دادەنێت.
میدیای ئێران دەقی نامەکەیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ترەمپ لە 29-10-2025 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە فەرمانی بە وەزارەتی جەنگ کردووە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەستپێبکات و هەروەها لە 31ـی مانگیش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی CBS گوتوویەتی، ئەمریکا بەتەنیا ئەوەندە چەکی ئەتۆمی هەیە، کە دەتوانێ 150 جار هەموو جیهان هەڵتەکێنێت.
نوێنەری ئێران دەڵێت، ئەو قسانەی سەرۆکی وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم، هەڕەشەیەکی ئاشکرای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمین و بە ئاشکراش رایگەیاندووە، تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەستپێدەکەنەوە کە پێشێلکردنی مادەی شەشەمی پەیماننامەی پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمە، کە ئەمریکاش واژۆی کردووە.
ئیرەوانی لە نامەکەیدا داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، بەخێرایی و بەپێی مادەی 99ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو بابەتە بباتە ئەنجوومەنی ئاسایش و لەوێ بەدواداچوون بۆ مەترسییەکانی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم لەسەر ئاسایش و ئاشتیی جیهان بکرێت و ئەو پێشهاتە نیگەرانکەرانە تاوتوێ بکرێن.
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی CBSـی ئەمریکی گوتی، وڵاتانی وەک رووسیا و چین تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی ژێرزەوییان کردووە و بۆ رای گشتی ئاشکرایان نەکردووە، بۆیە ئەمریکاش ئەو هەنگاوە دەنێت. گوتیشی نایەوێ ئەمریکا تاکە وڵات بێت کە ئەو تاقیکارییە ناکات. پێشتریش رایگەیاندبوو، خوازیاری تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەیەتی.
راگەیێندراوەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات، رووسیا رایگەیاند، مووشەکی ژێردەریایی ئەتۆمهەڵگر و مووشەکێکی کرووزی نوێی تاقیکردووەتەوە.