پایتەختی ئێران بەهۆی پیسبوونی هەواوە کەوتووەتە دۆخی مەترسیدار

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە تارانی پایتەختی ئێران کەوتووەتە دۆخی مەترسیدار و قوتابخانە و بەشێک لە شوێنە گشتییەکانی داخراون. ئەوەش بووەتە هۆی بێهیوابوونی خەڵک بە گرتنەبەری رێکارێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و شەرمەزاریی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتەش.
 
عەلی سەلاجەقە، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، "بەڕاستی لەڕوومان نایەت لەگەڵ خەڵک قسە بکەین، خەڵک لە قسەی بێ کردەوە ماندوو بوون. خۆشمان ماندوو بووین، ئێمەش منداڵمان هەیە و خەریکین لەم شارەدا دەژین، خێزانمان هەیە؛ بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کەلوپەلی گواستنەوەمان لەڕادەبەدەر ناستانداردن، لێکۆڵینەوەکانمان دەریدەخەن زیاترین کاریگەرییان هەیە. هەروەها بابەتی سووتەمەنیش."
 
دووکەڵی رەش لە وێستگەکانی وزەی دەوروبەری تاران، قەزوین ئیسفەهان و کەرەج دەردەچن؛ بەڵام جگە لەو چەند شارە گەورە پیشەسازییە، ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەو شوەیەن، وەکو وێستگەکانی ئیلام، یان کرماشان و دوروود.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵی رابردوو لەو وڵاتە 26 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە و بڕی زیانەکانی کەشوهەوا بە 11.3 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. ئەو زیانە تەنیا بۆ شاری تاران سێ ملیار دۆلار بووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 6000 کەس. 33 شاری ئێران رێژەی پیسبوونی هەوایان لە ئاستی مەترسیدا بووە، کە لەوانە پێنج شاری کرماشان، خوڕەمئاوا، ورمێ، ئیلام و سنەن لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
پسپۆڕانی کەشوهەوا، بەکارهێنانی مازۆت لە وێستگەکان بە گەورەترین هۆکار دەزانن کە لە وەرزە ساردەکانی ساڵدا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی گازی سرووشتی، وێستگە و کارگەکان ناچار دەکرێن بەکاریبهێنن، بەڵام وەزارەتی وزە ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
مستەفا رەجەبی، گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبای ئێران رایگەیاند، "90%ی بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکەمان، لەڕێگەی وێستگەی هەڵمییە، کە سووتەمەنییە سەرەکییەکەی گازە. لە دۆخێکیشدا کە بەکارهێنانی گاز لە بەشەکانی دیکەدا زیاد بکات، ئێمە گازوایل و ئەگەریش ناچار بین نەوتی رەش بەکاردەهێنین. لە کۆی 140 وێستگەی وڵاتەکەمان تەنیا 16 وێستگە لەو دوو جۆرە سووتەمەنییە بەکاردەهێنن، ئەویش لە بارودۆخێکدا کە ناچاربن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، لەو وڵاتە نزیکەی 28 ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن، کە 35%ی کۆن و ناستانداردن و هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوان.
 
جەلال رەشیدی کووچی، ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "سەرەتا دەبێت بزانین 70%ی ئەم پیسبوونی هەوایە بەهۆی ئۆتۆمبێلەوەیە و 30% بەهۆی کارگە و وێستگەکانەوەیە. بۆ ئەوەشی ئەو پیسبوونەمان نەمێنێت، دەبێت سەرچاوەکەی چاک بکرێت، کە ئۆتۆمبێلە. کەواتە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلمان پێویستی بە چاکسازییە و دەبێت خەمێک لەو بوارە بخۆین."
 
پیسبوونی هەوا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەک لەو پرسە جدییانەیە کە ساڵانە بەردەوام جێگەی مشتومڕی خەڵک و بەرپرسانە، بەبێ ئەوەی تاوەکو ئێستا چارەسەر کرابێت.