سوپای پاسداران: ئەزموونی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەخەینە بەردەم وڵاتانی ئەندام لە شانگهای

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دەڵێت، ئامادەن ئەزموونی خۆیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ''بەبێ هیچ سنوورێک'' بخەنە بەردەم وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شانگهای.

رۆژی هەینی 05-12-2025، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەراوێزی دوایین قۆناخی مانۆری سەربازیی ناسراو بە ''سەهەند''، ئاماژەی بە توانای سوپاکە کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رایگەیاند: ''بۆ گواستنەوەی ئەزموونی دژەتیرۆری خۆمان، ئامادەین هاوکاریی وڵاتانی ئەندام لە شانگهای بکەین.''
 
محەممەد پاکپوور گوتی: ''بەشداریی بەرفراوانی فەرماندە و ئەفسەرە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە مانۆری سەربازیی سەهەند، دەرخەری هاوکاری و ورەی هاوبەشە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.''
 
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئەوەشی خستەڕوو، نەوەک تەنیا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵکو سوپاکە ئامادەیە هەموو ئەزموونەکانی خۆی ''بەبێ هیچ سنوورێک'' بخاتە بەردەم وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە.
 
رێکخراوی هاریکاری شانگهای ریکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 2001ـوە دامەزراوە، بە مەبەستی هاوکاریی بوارەکانی ئاسایش، سیاسی و ئابووری، کە ئێران تەممووزی 2023 تێیدا بووەتە ئەندام.
 
چین، هیندستان، رووسیا، کازاخستان، تاجیکستان، کرگیزستان، پاکستان، ئۆزبەکستان و بیلارووس، ئەندامی ئەو رێکخراوەن.