بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی بەفر و بارانبارین لە ورمێ 40% كەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ هەفتەیە بەهۆی زۆریی بەفربارین لە باکووری کوردستان و کەمیی بارین لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێو خەڵک و لە میدیاکانی نێو ئێرانیشدا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.
وەیسی، هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت، بەفر و بارانبارین وەکو پێشوو نەماوە و ئەوە زیاتر لە دوو هەفتە لە زستان رۆشتووە و بەفر نەباریوە، نازانین هۆکار چییە.
بەگوێرەی کەشناسیی ئێران، ئەم ساڵ رێژەی بارینەکان لە پارێزگای ورمێ، بەراورد بە پار 40% کەمیکردووە. دانیشتووانی ناوچەکە بەردەوام بەراوردی بەفر و بارانبارینی ئەم ساڵ لەگەڵ ساڵانی رابردوو لە لایەک و لەگەڵ باکووری کوردستانیش لە لایەکی دیکەوە دەکەن و بۆ هۆکارەکەی دەگەڕێن.
کامران شەعبانی، هاونیشتمانیی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان باس لەوە دەکات، ساڵی رابردوو بەفرێکی باش کەوتبوو، ئەم ساڵ هیچ بەفر نەباریوە، ئیدی نازانین لە دەستی خودایە یان هۆکارەکە چییە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر کە لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بەفر دەباری، لێرەش دەباری، بەڵام ئەم ساڵ وشکەساڵییە و نەباریوە.
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بە یەک لە هۆکارەکانی کەمبارانی دەزانێت و دەڵێت؛ هەڵم نەبوونی ئاوی دەریاچەکە کاریگەری لەسەر راکێشانی هەورەکان بۆ ئاسمانی ناوچەکە هەیە. گوتەیەک کە دیار نییە تاوەکو چ رادەیەک زانستییە، بەڵام بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان باوەڕیان پێکردووە و داوای رێگاچارەیەک دەکەن.
رێکخراوی کۆنترۆڵی قەیرانی ئێران، هۆشداریی ساڵێکی ئەستەم لەڕووی کەمئاوییەوە لە 14 پارێزگای ئێران دەدات، کە هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هۆشدارییە دەیانگرێتەوە.