پەرلەمانتارێکی ئێران: ئەمریکا یاری دەکات و لە دانوستاندنەکان هیچمان دەستناکەوێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، بەهۆی "یاریکردنی ئەمریکا"وە هیچ دەستکەوتێک لە دانوستاندنەکان بۆ تاران نابێت و جەختیش دەکاتەوە کە پرسی مووشەکی بۆ ئەوان "هێڵی سوورە".
 
ئەمڕۆ هەینی، 6ی شوباتی 2026، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان، ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "دەبێت بە دەنگی بەرز بڵێین لە دانوستاندندا هیچمان دەست ناکەوێت، هۆکارەکەشی یاریکردنی ئەمریکایە لەگەڵمان."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەمریکییەکان لەژێر گوشاری ئیسرائیلییەکاندا جگە لە پرسی ئەتۆمی، دەیانەوێت پرسی مووشەکی و دۆسیە ناوچەییەکانیش تێکەڵ بە دانوستاندنەکان بکەن.
 
کەوسەری دەڵێت: "ئێمە تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمی دانوستاندن دەکەین، نەک شتی دیکە." ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی مووشەکیی ئێران "هێڵی سوورە" و لایەنی بەرامبەر "بۆی نییە باس لەسەر مافی دروستکردنی مووشەکی ئێران بکات."
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران بێمتمانەیی خۆی بە واشنتن نیشاندا و باسی لەوە کرد، لە رێککەوتنی ساڵی 2015 (بەرجام) ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بوو، بەڵام ئەمریکییەکان پابەند نەبوون و گەمارۆکانیان لەسەر وڵاتەکە هەڵنەگرت.
 
لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە میدیای ئەمریکی بە جۆرێکی دیکە باس لە دانوستاندنەکانی ئەمڕۆ دەکات و بڵاویکردووەتەوە، شاندی ئەمریکا دەیەوێت جگە لە پرسی ئەتۆمی، دۆسیەکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران، پرۆگرامە مووشەکییەکە و پرسی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە بەرباس.