کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی عومان و نێردەی تایبەتی ئەمریکا دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆبوونەوەی بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیپێکرد.
 
ئاژانسی ئیرنا، میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، دوای دیداری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، گفتوگۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و بەدر بووسەعیدی دەستیپێکرد.
 
لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی عومان پەیامی ئێران دەگەیێنێتە شاندی ئەمریکی.
 
بەر لەو دیدارە، بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و رێوشوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی نوێی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکایان تاوتوێکرد.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دیداری نێوان عێراقچی و بووسەعیدی، روانگە و پێشنیازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە تەوەرەکانی دانوستاندن، داواکاری و تێبێنییەکانی ئێران خرانەڕوو.
 
گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکرد. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی شاندی ئێران دەکات و شاندی ئەمریکی لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.