سوپای ئێران: هێرشکردنمان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دژی وڵاتانی دراوسێ نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێ، ''گورزی کوشندە''ـیان لە ئیسرائیل و ئەمریکا داوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکانیان بە واتای هەنگاوی ''دوژمنکارانە'' دژی وڵاتانی ناوچەکە نییە.
 
بەرەبایانی ئەمڕۆ هەینی 06-03-2026، محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا رایگەیاند: ''بۆردوومانی بنکەکانی ئەمریکا بە واتای هەنگاوی دوژمنکارانەی ئێمە دژی وڵاتانی دراوسێ و کەنداو نییە.''
 
بەگوتەی محەممەد ئەکرەمی نیا، جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل چووەتە قۆناخێکی نوێوە و ''ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیی سوپا، گورزی کوشندەی لە دوژمن داوە.''
 
گوتەبێژی سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان زانیاریی وردیان لەسەر کەرەستە، تەقەمەنی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە و ''ئامانجدار'' لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
 
وەک ئەکرەمی نیا دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانیاندا، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی زۆریان بەرکەوتووە و روو لە لاوازبوونن.
 
قسەکانی گوتەبێژی سوپاکە لەکاتێکدان کە وڵاتانی کەنداو دژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ناڕەزایی زۆریان دەربڕیوە و داوای راگرتنی دەسبەجێی بۆردوومانەکان دەکەن. 
 
جەنگی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە و پێی ناوەتە حەوتەم رۆژەوە و تائێستا بەردەوامە.