حکومەتی ئێران: تاوەکو ئێستا 3618 باڵەخانە و شوێنی بازرگانی و 13 ناوەندی تەندروستی زیانیان پێگەیشتووە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تائێستا سێ هەزار و 618 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی هێرشیان کراوەتە سەر و زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.
 
رۆژی هەینی، 6ی کانوونی 2026، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە تاران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە شوێنە سڤیلەکان دەکەنە ئامانج و گوتی، "لە رۆژی حەوتەمی شەڕدا ژێرخانی شارەکان، باڵەخانەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان، شوێنە وەرزشییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان کرانە ئامانج."
 
فاتمە مهاجرانی ئامارێکی لەبارەی زیانەکانی شەڕ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ سێ هەزار و 90 یەکەی نیشتەجیبوون، 528 یەکەی بازرگانی و 13 ناوەندی تەندروستی کە 9یان سەر بە مانگی سوورن، لە لایەن دووژمنەوە هێرشیان کراوەتە سەر."
 
ئەمڕۆ مانگی سووری ئێران ئاماری نوێی کوژراوانی شەڕی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە هەزار و 332 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون.
 
فاتمە مهاجرانی لەوبارەوە دەڵێت، 30٪ی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا گیانیان لەدەستداوە کەسانی کەم تەمەن و منداڵن.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران راشیگەیاند، یاریگەی 12 هەزار کەسی ئازادی و یاریگەی بیعسەت و چەند شوێنێکی دیکەی وەرزشی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون.
 
لێدوانی فاتمە مهاجرانی لە کاتێکدایە، لە حەوتەمین رۆژ دا ئەمریکا و ئیسرائیل بنکە، بارەگا و ناوەندە سەربازی، ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەندین شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردنە ئامانج.