ئەنجوومەنی کاتیی رێبەریی ئێران چوارەم کۆبوونەوەی خۆی کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی کاتیی رێبەریی ئێران چوارەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوەبرد. بەگوێرەی میدیای ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا پلانی دانیشتنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری و هەڵبژاردنی رێبەری نوێی وڵاتەکە دانراوە.
کۆبوونەوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 06-03-2026 کراوە. میدیای ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش تێیدا بەشدار بووە و راپۆرتی خۆی سەبارەت بە دۆخی جەنگ پێشکێشی ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری بۆ ''بەهێزترکردن''ـی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، هەندێک بڕیاریان دەرکردووە.
هاوکات ئەنجوومەنی کاتیی رێبەریی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا پلانیان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری و ناساندنی رێبەری داهاتووی ئێران داناوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 01-03-2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هێرشەکانی رۆژی 28ی شوباتی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا پشتڕاستکردەوە.
لە دوای کوژرانی خامنەییەوە، ئەنجوومەنێکی سێ کەسی بەناوی "ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری" پێکهێنراوە، کە تاوەکو هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ، ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنێت. ئەنجوومەنەکە پێکدێت لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد؛ عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران.