سوپای پاسداران: شەپۆلێکی نوێی مووشەکمان ئاراستەی ئیسرائیل کرد


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران رایگەیاند، شەپۆلی 24ەمی هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل دەستپێکردووە. راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بە سێ مووشەک دەکرێت.
 
کاژێر 2ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە،07-03-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستپێکردنی شەپۆلی 24ـمی ئۆپەراسیۆنی (بەڵینی راست 4)ـی راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە دروشمی ''یا مەهدی'' بە سێ مووشەک "بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و چەندین ئامانج لەنێو خاکی ئیسرائیل دەکرێ.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم شەپۆلە هێرشە کە بە مووشەک دەکرێ، مەبەستی پێکانی کۆمەڵێک ئامانجە لە ناو جەرگەی تەلئەڤیڤ.
 
هاوکات میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە، لە کاژێر 2ی بەرە بەیانی، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای تاران بیستراون.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.