چەندین گەڕەکی تاران بۆردوومان کران
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران پشتڕاستی دەکەنەوە، هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر تاران زیانیان بە دەرمانخانە، وێستگەی بەنزین و دوو باڵەخانە گەیاندووە، هاوکات باس لە بڕانی ئاو و کارەبای چەندین گەڕەکی ناوەندی پارێزگاکە دەکەن.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 06-03-2026، میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شەقامی ''جمهووری''ـی ناوەندی تاران، کارەبا و ئاوی چەندین گەڕەک بڕان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکەدا دوو باڵەخانە، وێستگەیەکی بەنزین و دەرمانخانەیەک بە تەواوی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام دیار نییە هێرشەکە بە وردی بۆ سەر کوێ کراوە.
شەقامی جمهووریی تاران یەکێک لە ستراتیژیترین ناوچەکانی شارەکەیە کە سوپای ئەنسارولمەهدی و چەندین بنکەی سەربازی، ئەمنی و ئیداریی دیکەی تێدا هەڵکەوتووە.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆلێژی ئەفسەریی ئیمام عەلیی سوپای پاسداران بۆردوومان کراوەتەوە.