زانکۆیەکی تاران بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک زانکۆی پیشەسازیی شەریف لە تاران روویدا. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، هێرشەکە باڵەخانەیەکی زانستی و وێستگەیەکی گازی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، پاشماوەی وێرانکارییەکی زۆر لە زانکۆی پیشەسازیی شەریف دەردەکەوێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، زیانێکی زۆر بە یەکێک لە باڵەخانەکانی زانکۆکە و وێستگەیەکی دابەشکردنی گازی ناوچەکە گەیشتووە.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە تیمەکانی شارەوانی و فەرمانگەی گاز گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە کێشەی دزەکردنی گازەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. ئێستاش تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاککردنەوەی شەقامەکەن بۆ ئەوەی تاوەکو بەیانی رێگاکە بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.
هەر سەبارەت بە هێرشەکە، شارەوانیی ناوچەی 9ی تاران رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا وێستگەیەکی دابەشکردنی گاز لە نێو زانکۆی پیشەسازیی شەریف کرایە ئامانج؛ دەشڵێت: "بەهۆی هێرشەکەوە گازی گەڕەکی شەریف بەشێوەیەکی کاتی بڕدراوە."
سەبارەت بە دۆخی هاتووچۆ لە ناوچەکە، شارەوانی ئاشکرای کرد کە دوای هێرشەکە شەقامی سەرەکیی (ئازادی) بەڕووی ئۆتۆمبێلەکاندا داخرابوو، بەڵام تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکەن و لە کاژێرەکانی داهاتوودا بە تەواوی دەکرێتەوە.
ئەم هێرشە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە تەقینەوانەدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ تارانی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئێرانی هەژاندووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، شەپۆلێکی دیکەی هێرش و تەقینەوە رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێرانی هەژاند؛ بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە ناوچەی فڕۆکەخانەی میهرئابادیشی کردووەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شەقامی ئازادی تاران بۆردوومان کراوە. تیمەکانیان سەرقاڵی فریاگوزاری و لادانی داروپەردەی خانووە رووخاوەکانن.