ئێران بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا: بێدەنگیت بەرامبەر ئیسرائیل مایەپووچیی ئەخلاقییە

رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن، وەڵامێکی تووندی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپای دایەوە و دەڵێت، "بێدەنگیت لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا مایەپووچیی ئەخلاقییە." 
 
رۆژی دووشەممە، باڵیۆزخانەی ئێران لەبەریتانیا لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانەکانی ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە رایگەیاند،"شەرمەزارییە، ملیۆنان ئەورووپی خاوەن ویژدان، تاوانەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران سەرکۆنە دەکەن، بەڵام بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا تەنانەت ناتوانێت ناوی ئیسرائیل بهێنێت و لە جیاتی ئەوە ئێران بە تاوانبار نیشان دەدات." 
 
باڵیۆزخانەکە دەڵێت، "ئەمە دیپلۆماسی نییە، بەڵکو مایەپووچیی ئەخلاقی و دووڕووییە. یاسای نێودەوڵەتی، دادپەروەری و رەوشت لەبیر کراوە، سەرکردایەتیی ئەورووپا بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە و ئەمەش جێگەی داخێکی زۆرە." 
 
باڵیۆزخانەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تێپەڕبوونی پێنج هەفتە بەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا روون بووەتەوە کە "تەنیا چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەتوانێت کۆتایی بە ریشەی ئەم قەیرانانە بهێنێت." 
 
وەڵامی باڵیۆزخانەی ئێران دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا رایگەیاندبوو، "هانی ئێران دەدەین کە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت و تەنگەی هورمز بکاتەوە."