پارێزگاری قوم: لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا 9 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری قوم ئاماری زیانەکانی هێرشەکەی شەوی رابردووی بۆ سەر شارەکە راگەیاند و دەڵێت، بەهۆیەوە 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانی زۆریش بە باڵەخانە نیشتەجێبووەکان گەیشتووە.
بەگوێرەی لێدوانی ئەکبەر بێهنامجوو، پارێزگاری قوم لە ئەنجامی هێرشەکەی شەوی رابردوودا 9 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران بوون و نزیکەی 40 باڵەخانەی دیکەش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە کە پێویستیان بە دووبارە ئاوەدانکردنەوە هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە 100 بینای دیکە زیانی کەمیان وەک شکانی پەنجەرەکانیان بەرکەوتووە.
پارێزگاری قوم دەشڵێت، سەبارەت بە زیانی گیانی، 9 هاووڵاتی شاری قوم گیانیان لەدەستداوە، هەروەها سەبارەت بە زیانی ماددی، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل زیانیان بەرکەوتووە.
شاری قوم یەکێکە لە گرنگترین شارە ئایینییەکانی ئێران و ناوەندێکی سەرەکیی خوێندنی ئایینییە لەو وڵاتەدا، هێرشکردنە سەر ئەم شارە لە چوارچێوەی ئەو گرژییە سەربازییانەدایە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.