فریاکەوتنی تاران: بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکا و ئیسرائیل شەش منداڵ کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
فریاکەوتنی تاران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تاراندا، شەش منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵان گیانیان لەدەستداوە. گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی شارەکەش دەڵێت، وێستگەیەکی گاز و خانوویەکی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج.
 
دووشەممە 6-4-2026 سەنتەری فریاکەوتن تاران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی رابردووی "ئەمریکا و ئیسرائیل" بۆ سەر پارێزگای تاران، شەش منداڵی گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری فریاکەوتن، قوربانییەکان پێکهاتوون لە چوار کچ و دوو کوڕ، کە تەمەنی سەرجەمیان لە خوار 10 ساڵییەوە بووە.
 
هەروەها گوتەبێژی رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە یەکەم هێرشدا، وێستگەیەکی کەمکردنەوەی پەستانی گاز لە یەکێک لە ناوچەکانی ناوەڕاستی تاران بۆردوومانکرا. هێرشەکە بووەتە هۆی دزەکردنی "زۆر و مەترسیداری گاز"، بەڵام ئاگر نەکەوتووەتەوە و لە ماوەی کەمتر لە نیو کاژێردا تیمەکان توانیویانە رێگری لە دزەکردنی گازەکە بگرن.
 
هەر لە چوارچێوەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، خانوویەکی نیشتەجێبوون لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران بە تەواوی وێران بوو. گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە حەوت کەس بە زیندوویی لە ژێر داروپەردەی خانووەکە دەربهێنن، بەڵام سێ کەسی دیکە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی ئامارەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر شار و شارۆچەکانی تاران و سەنتەری شارەکە زیاتر لە 20 کەس کوژراون. هەروەها لە شاری قومیش پێنج کەس کوژراون.