رووسیا: تکایە با رێگری لە دروستبوونی مەترسی لە دەوری بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەلێکسی لیخاچێڤ، سەرۆکی کۆمپانیای وزەی ئەتۆمیی رووسیا (رۆس ئەتۆم) دەڵێ، بەهۆی مەترسییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پرۆسەی گواستنەوەی 198 کارمەندی رووسی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بەرەو سنووری ئەرمینیا بەردەوامە. لە هەمان کاتدا ئامادەیی مۆسکۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی تاران لە پاراستنی وێستگەکەی.
 
هەڕەشە لەسەر بوشەهر
 
لیخاچێڤ باسی لەوە کرد، لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە باشووری ئێران چەندین جار کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کارمەندێکی ئێرانی کوژراوە.
 
هۆشداریشی دا و گوتی، "داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەم رێگری بکەن لە هەر کارێکی دووژمنکارانە لە نزیک ئەم کوورە ئەتۆمییەی کە لە کاردایە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، کوورە ئەتۆمییەکە بە تەواوی توانای خۆیەوە کار دەکات و ئێرانییەکان بۆ دابینکردنی کارەبا زۆر پێویستیان پێیەتی، "تکایە با هەمووان هەوڵ بدەن رێگری لە دروستبوونی مەترسی بکەن لە دەوروبەری دامەزراوەیەکی ئەتۆمی کە توانای چەندین گێگاواتی هەیە."
 
گواستنەوەی کارمەندە رووسەکان
 
لەبارەی سەلامەتیی ستافەکەیانەوە، سەرۆکی رۆس ئەتۆم گوتی، "198 کەس لە گرووپی سەرەکی بە سەرکەوتوویی بەرەو سنووری ئەرمینیا-ئێران بەڕێکەوتوون. بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی ئێران، شەوی رابردوویان لە ئیسفەهان بەسەربرد و هیوادارم ئەمشەو بگەنە خاکی ئەرمینیا."
 
لیخاچێڤ ئاماژەی بەوەش کرد، چەند خۆبەخشێکی رووسی بڕیاریان داوە لە وێستگەکە بمێننەوە، بەڵام "هەفتەی داهاتوو کاروانێکی دیکە دەگوازینەوە."
 
پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ تاران
 
لیخاچێڤ باسی لەوە کرد، بەهۆی جەنگ و پچڕانی هێڵەکانی تەلەفۆن، لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردایەتیی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، لەوانەش محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوەکە هەیە.
 
گوتیشی، "ئێمە ئەزموونێکی بێوێنەمان لە وێستگەی زاپۆریژیا لە ئۆکراینا بەدەستهێناوە کە چۆن وێستگەیەک زیاتر لە مانگێک بێ کارەبای دەرەکی کار بکات. ئامادەین ئەو ئەزموونە بدەینە هاوبەشە ئێرانییەکانمان بۆ پاراستنی بوشەهر،" هەرچەندە روونیکردەوە کە ستافی ئێرانی خۆیان زۆر بە باشی وێستگەکە بەڕێوەدەبەن و رۆڵی رووسەکان کەمە.
 
لە لایەکی دیکەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی بە "پەڵەیەکی رەش بەسەر ناوبانگی نێودەوڵەتیی ئەوانەوە" ناوبرد کە مووشەکەکانیان ئاراستە دەکەن. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش (IAEA) رایگەیاند کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و دەبێت بپارێزرێن.