ئیسرائیل و ئێران کوژرانی بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسدارانیان لە تاران پشتڕاستکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

تەلئەڤیڤ و تاران کوژرانی لیوا مەجید خادمی، سەرۆکی هەواڵگریی سوپای پاسدارانیان لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر پایتەختی ئێران پشتڕاستکردەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت "کەس لە ئێران پارێزبەندیی نییە".

راگەیێندراوەکەی تاران و پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی خادمی

سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە (06-04-2026) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلێگرام رایگەیاند، لیوا مەجید خادمی، سەرۆکی رێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی ئەوەی بە "هێرشێکی تیرۆریستیی تاوانکارانەی دوژمنی ئەمریکی-زایۆنی" ناوی بردووە، شەهید بووە. 

سوپای پاسداران خادمی بە سەرۆکێکی "بەتوانا و خوێندەوار" وەسف کردووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی شوێنی کوژرانەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئیسرائیل: خادمی بەرپرسی ڕاستەوخۆی تاوانە جەنگییەکان بوو

لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کوژرانی مەجید خادمی وەک بەشێک لە ستراتیژیی "راوکردنی سەرکردەکان" ناوبرد و رایگەیاند: "خادمی یەکێک بوو لە بەرپرسە راستەوخۆکانی تاوانە جەنگییەکان و یەکێک لە سێ باڵاترین کەسایەتییەکانی ناو سوپای پاسداران."

 کاتس گوتی، سەرکردەکانی ئێران بەو هەستەوە دەژین کە لەژێر نیشانەی پێکاندان و گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە دۆزینەوە و بەئامانجگرتنینا یەک بە یەک."

هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان لە ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەوا ژێرخانی نیشتمانیی ئێران بە تەواوی وێران دەکەن.

 کاتس گوتی، زیانی قورسیان بە ژێرخانی پۆڵا و پیشەسازیی پترۆکیمیایی ئێران گەیاندووە و رایگەیاند: "ئەمە هەموو رۆژێک درێژەی دەبێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە وردوخاشکردنی ژێرخانی نیشتمانیی ئێران تاوەکو دەبێتە هۆی داڕمان و ڕووخانی ڕژێمەکە."

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی تاران و ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری تاران ئەنجامدا، کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 25 کەس.