لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەک لە تاران 8 کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی گیانلەدەستدانی ئاگرکەوتنەوەکەی باڵەخانەیەکی بازرگانی لە شارۆچکەی ئەندیشەی پارێزگای تاران، گەیشتە 8 کەس و 41 کەسیش بریندارن.
 
ئێوارەی دوێنێ، سێشەممە 5ی ئایار، کاژێر 04:40 خولەک بە کاتی ئێران (04:10 خولەک بە کاتی هەولێر) ئاگر لە کۆمەڵگەی بازرگانیی (ئەرخەوان) لە شارۆچکەی ئەندیشەی تاران کەوتەوە.
 
سەجاد برنجی، قایمقامی ناوچەی شەهریار رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 41 برینداریش هەن کە برینی 26یان سووک بووە و چارەسەریان بۆ کراوە.
 
مەهدی محەممەدی، داواکاری گشتیی شەهریار رایگەیاند، دۆسیەیەکی بەپەلە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دروستکەری باڵەخانەکە و هەموو ئەو کەسانە دەرکراوە کە کەمتەرخەم بوون.
 
داواکاری گشتی جەختی لەوەش کردەوە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بەردەوامن و رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر تۆمەتباران دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان.
 
کۆمەڵگەی بازرگانی ئەرخەوان، لە شارۆچکەی ئەندیشە، 30 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای تاران دوورە و زیاتر لە 250 یەکەی بازرگانی و 50 یەکەی کارگێڕیی تێدایە.