قالیباف: ئەگەری هێرشی سەربازی بەدوور نازانم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەمریکا لە رێگەی گوشاری ئابوورییەوە دەیەوێت ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات، هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەری هێرشی سەربازی و "کردەی تیرۆریستی" بۆ سەر وڵاتەکەی لە ئارادایە.
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی دەنگیدا بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "جەنگەکە چووەتە قۆناخێکی نوێوە. ئەگەری هێرشی دووبارەی سەربازی، بەتایبەت هێرشی تیرۆریستی بە دوور نازانم."
قالیباف گوتی، واشنتن لە رێگەی جۆراوجۆرەوە داوای تەسلیمبوونی تاران دەکات، یەک لەوانەش گەمارۆی دەریاییە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، سەرکەوتنی کۆتایی لەم جەنگەدا پێگەی ئێران دەگۆڕێت و دەڵێت: "سەرکەوتنی کۆتایی، ئێران دەکاتە یاریزانێکی کاریگەر و سەرەکی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و قەیرانی دارایی، قالیباف باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی جێبەجێکار درکیان بەوە کردووە کە رۆڵیان لە پێشوو کاریگەرترە و دەبێت بە پلانی باشتر رووبەڕووی هەڵاوسان ببنەوە. گوتیشی: "بەرپرسان بەرپرسیارن لە کەمکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان، بەڵام خەڵکیش دەبێت هەنگاو بنێن، یارمەتیی یەکدی بدەن و لە هەموو بوارەکاندا دەستپێوەگرتن (کەمکردنەوەی بەکاربردن) بکەن."
قالیباف لە پەیامەکەیدا داوای لە "نوخبە و کەسانی پێشەنگ" کرد، بیرۆکە و پێشنیازەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی بەهۆی جەنگەوە دروستبوون پێشکەش بکەن، داواشی لە پەرلەمان کرد ئەو پێشنیازانە بە هەند وەربگرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە رۆڵی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات کرد و گوتی: "ئێرانییەکانی تاراوگە دەتوانن ببنە یەکێک لە پایە گەورەکانی تێکشکاندنی دوژمن و دەتوانن تواناکانیان بۆ یارمەتیدانی نیشتمانەکەیان بەکاربهێنن."