زیاتر لە 13 هەزار حاجیی ئێرانی گەیشتوونەتە سعودیە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 هەزار حاجیی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە سعودیە، ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران بڵاویکردەوە، 13 هەزار و 500 حاجی کە دەگاتە 40%ی کۆی حاجیانی وڵاتەکە، گەیشتوونەتە خاکی سعودیە و پرۆسەی گواستنەوەی سەرجەم حاجیانیش تاوەکو 15ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، هێشتا 15 هەزار و 800 حاجی ماون کە لە رۆژانی داهاتوودا بەرەو مەدینە بەڕێدەکەون، پێشتریش 672 کەس وەک کارگوزار و تیمی هاوکاری چووبوونە سعودیە.
سەبارەت بە ئاماری گشتیی حاجیانی ئەو وڵاتە، رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمساڵ تەنیا 30 هەزار کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە، لەکاتێکدایە پشکی فەرمیی وڵاتەکە 86 هەزار و 700 کەس بووە.
کەمبوونەوەی ژمارەی حاجیان لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو زیاتر لە 85 هەزار کەس لە ئێرانەوە چووبوونە حەج، بەڵام ئەمساڵ ئەو ژمارەیە زیاتر لە 55 هەزار کەس کەمی کردووە. هۆکاری ئەمەش بۆ چەند پرسێک دەگەڕێتەوە، لەوانە نەگەڕانەوەی ڤیزا بۆ هەزار و 346 کەس و مەیلی خودی هاووڵاتییان بۆ نەکردنی حەج لەمساڵدا.
فاتمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی ناوی هەموو ئەوانە راگەیێندراوە کە داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڵام حکومەت سەرپشکی کردوون "ئەو کەسانەی بە هەر شێوەیەک هەست بە مەترسی یاخود نادڵنیایی دەکەن، دەتوانن ئەمساڵ حەج نەکەن."
پرۆسەی بەڕێکەوتنی حاجیانی ئێران بۆ سعودیە لە شەوی هەینی 1ی ئایاری 2026ـەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە سەرجەم حاجیان بگەنە سعودیە.