سوپای پاسداران گیانلەدەستدانی پاسدارێکی دیکەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەندامێکیان لە پارێزگای یەزد لە ناوەڕاستی ئێران کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بە سەختی بریندار ببوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی تەمموزی 2025، بەشی پەیوەندییەکانی سوپای ئەلغەدیر، لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای یەزدی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا گیانلەدەستدانی ئەندامێکی پشتڕاست کردەوە.
لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای یەزد دەڵێت: "سەربازێک بە ناوی ئەمیرعەلی کاربەخش راوەری کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە شاری بافقی یەزد بە سەختی بریندار ببوو و لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، ئەمڕۆ بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سەربازەکە خەڵکی ناوچەی راوەر سەر بە پارێزگای کرمانە و ئەمڕۆ تەرمەکەی لە شاری بافقی یەزدەوە بۆ شاری راوەر لە پارێزگای کرمان دەگوازرێتەوە و سبەی دووشەممە لە گۆڕستانی شارەکەدا رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەڕێوەدەچێت.
هەر ئەمڕۆ، بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە کاتی پاککردنەوەی ناوچەیەک لە خوڕەمئاوا لە پاشماوەی جەنگ، تەقینەوەیەک روویدا و دوو ئەندامی سوپا گیانیان لەدەست دا."
بە پێی راگەیێندراوەکە، هەر یەک لە عەلی بازیگەر و حوسێن مووسەوی، دوو ئەندامەکەی سوپای پاسدارانن، کە بەهۆی تەقینەوەکە گیانیان لە دەست داوە.
لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو وڵاتە، لانیکەم 935 کەس کوژران، لەنێویاندا دەیان ئەفسەری سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی.