کوالێتیی خراپی ئارد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نانەواخانەکان هەراسان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کوالێتیی خراپی ئارد نانەواخانەکانی هەراسان کردووە. ماوەیەکە خاوەن نانەواکان گلەیی دەکەن و ناڕەزایەتی لە خراپیی ئارد دەردەبڕن. تەنیا لە شارێکی دیاریکراوی رۆژهەڵاتی کوردستانیش نییە؛ لە مهاباد یان، مەریوان و شارەکانی دیکەش هەروایە.
ئاردی خراپ بە مانای ئەوەیە نانێکی جوان و بەکەڵکی خورادنی لێ دەرناچێت.
جەماڵ ساڵحی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای سنە دوو مانگ لەمەوبەر کە کوالێتی نانی سنە تێکچوو، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ تەواوبوونی گەنمی بیانی و گوتی، "ئەو گەنمەی هەمانە کوالێتیی باش نییە. گەنمی خۆماڵی و بیانی تێکەڵاو دەکرێن، گەنمی هاوردە جاروبار پێمان دەدرێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام پێمان بدرێت، کێشەی کوالێتیی نان چارەسەر دەبێت."
بەڵام تەوحید نەجەفی، ئەندامی دەستەی زانستیی دامەزراوەی توێژینەوەکانی کشتوکاڵ دەڵێت، کوالێتیی خراپی نان پەیوەندیی بە جۆری گەنمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە جۆری ئاردەکەوە هەیە. بە گوتەی تەوحید نەجەفی، نانەواکان ئاردی سپی بەکاردەهێنن، بەڵام ئارد 10% تاوەکو 20% کەپەکی هەیە، بەڵام زۆر جاران ئەمە لە ئاردەکە جیادەکرێتەوە و ئیدی ئاردەکە بۆ زۆر لە نانەکان بەکارنایەت.
هەندێک کەس لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمەتبار دەکەن کە لەبەر گەندەڵی ئاردی کوالێتی نزم بە نرخی هەرزان لە کارگەکان ئارد دەکڕن، لە کاتێکدا حکومەت پارەیەکی زۆر دەدات بۆئەوەی نان بە نرخی هەرزانتر بە دەستی خەڵک بگات.