ئێران؛ هاووڵاتییان بە پلانی لابردنی 4 سفر لە پارەی وڵاتەکە گەشبین نین
رووداو دیجیتاڵ
ئێران بڕیاریدا چوار سفر لە دراوە نیشتمانییەکەی لابدات. بە پێی یاساکەی پەرلەمان، هەر ریاڵێکی نوێ 100 قران دەبێت و یەکسان دەبێ بە 10 هەزار ریاڵی ئێستا.
راستگۆ روستەمزادە، هاونیشتمانیی پاوەیە و دەڵێت، "بە بۆچوونی من لەڕووی ئەوە کە کەسانێک کە ژمێریاری دەکەن، ئاسانتر دەتوانن کارەکانی خۆیان بکەن. متمانەی خەڵک بە دراوی نیشتمانیی ئێران بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی بتوانێت هەڵاوسان و ئەو گرانییە کەمتر بکات، بە بۆچوونی من هیچ کاریگەرییەکی نییە. پێویستە حکومەت خۆی رێوشوێنێکی تایبەت بۆ ئەم هەڵاوسان و گرانییە بگرێتەبەر."
بڕیارە لە ماوەی 5 ساڵدا پلانەکە جێبەجێ بکرێت و لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێنرێت.
لە دوو ساڵی سەرەتادا، پێویستە بانکی ناوەندیی ئێران ژێرخانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئامادە بکات، دواتر سێ ساڵ بۆ قۆناخی راگوزەر دانراوە.
ئیحسان، دوکاندارە لە پاوە و باس لەوە دەکات، "پارەکە هەر هەمان پارەکەیە، بۆ نموونە 10 هەزار ریاڵ چوار سفرەکەی لادەبڕدرێت و دەبێتە یەک ریاڵ. ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نییە. تەنانەت ئەگەر کەسێک زۆر نەخوێندەوار بێت، دەزانێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵاوسان و گرانی نابێت. پێویستە کێشەکە لە بناخەوە چارەسەر بکرێت. بەم رێوشوێنە ناتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین."
بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، ئامانجی ئەم کارە ئاسانکاری لە ژیانی خەڵک و باشترکردنی پێگەی دراوی ئێرانە، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵک گەشبین نین.
ئەیوب محەممەدی، دوکاندارێکی دیکەی پاوەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ وڵاتی ئێمە کە هیچ ژێرخانێکمان نییە، ناتوانین کارێکی وا بکەین. هەڵاوسان دروست دەکات. سیستمی ئابووری لە بناخەوە لەنێو دەبات، من نازانم ئەوانەی وەکو ئابووریناس لە ئاستی بەرزی حکومەت دانیشتوون، بە کام لۆژیک ئەم کارەیان کردووە."
هاوڕێ هیمەتی، گۆشتفرۆشە لە شارەدێی شمشێری پاوە و دەڵێت، "هیچ فەرقێکی نییە بۆ حاڵی ئێمە، کەلوپەلەکە هەر هەمان کەلوپەلە، کەرەستەکە هەمان کەرەستەیە، جیاوازییەکی ئەوتۆ دروست ناکات. تەنیا لەوانەیە بۆ بودجە و کورتهێنانی بودجە باش بێ، یان خەڵکی بڵێن پارەکە ببێتە یەک رەقەمی و کەمتر خەمی پێوە بخۆن."
پەسندکردنی پلانەکە لەکاتێکدایە، بەهۆی سەپاندنی سزاکانەوە بەهای دراوی ئێرانی لە بەرامبەر دراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ریاڵی ئێران ئێستا یەکێک لە لاوازترین دراوەکان.