فیلتەرکردنی ئینتەرنێت لە ئێران بووەتە مژارێکی گەرم و داوای هەڵگرتنی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان فیلتەر کراون و خەڵک دەبێ بۆ بەکارهێنانیان فیلتەرشکێن بکڕن.
 
ئەم پرسە زۆرجار دەبێتە مژاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش. 
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت، "فیلتەرکردن لە کاتی قەیرانەکاندا تەنانەت تاوەکو رادەی بڕینی تەواوەتی ئینتەرنێتیش، لە هەموو جیهاندا بە تەواوی ئاسایی و باوە، بەڵام کاتێک شەڕ نەبێت، فیلتەرکردن بەم شێوەیە کارێکی دروست نییە. بەکارهێنانی فیلتەرشکێنەکان هەڕەشە لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی وڵات دەکات."
 
بابەتێکی دیکە ئەم رۆژانە زۆر باس دەکرێ، پرسی سیم کارتی سپییە کە پێویستی بە  فیلتەرشکێن نییە. خەڵک دەڵێن، بەشێک لەوانەی دژی لابردنی فیلتەرن، خۆیان ئەو سیم کارتە بەکاردەهێنن. 
 
بەشێک لە پەرلەمانتارانیش رەخنەیان لەو بارەیەوە هەیە. 
 
ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران، "فیلتەرکردن مافیای هەیە. زۆر کەس دەیانەوێ فیلتەرکردن هەبێ، چونکە دەیانەوێ فیلتەرشکێن بفرۆشن و بازرگانی بکەن. پەرلەمانتاران لەو کاتەوەی هاتوونەتە نێو پەرلەمان، فیلتەر لەسەر ئینتەرنێتیان نەماوە و سیم کارتی سپییان هەیە." 
 
بەپێی ئاماری حکومەتی ئێران، 85٪ـی خەڵکی ئەو وڵاتە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و 85٪ی بەکارهێنەران، سوود لە فیلتەرشکێن وەردەگرن.
 
زیاتر لە 61 ملیۆن کەس بە بەردەوامی فیلتەرشکێن بەکاردەهێنن. ئەگەر هەر کامێکیان مانگانە لانیکەم 200 هەزار تمەن لە فیلتەرشکێن خەرج بکات، کۆی داهاتی فیلتەرشکێن فرۆشەکان لە مانگدا 12 تریلیۆن و 240 ملیار تمەن دەبێت.