ئێران: دەستوەردانی ئەمریکا لە دیاریکردنی رێبەری نوێ پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە


رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تووندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد، کە تێیدا گوتبووی دەبێت رۆڵی هەبێت لە دیاریکردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری کوژراوی ئێران.
 
رۆژی شەممە 07-03-2026 ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، قسەکانی ترەمپ "پێشێلکردنێکی روونی بنەماکانی دەستوەرنەدانە لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتان و پێچەوانەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە." ئیرەوانی گوتی: "ئێران دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆیە. هەرگیز رێگە نادات هیچ هێزێکی بیانی دەستوەربداتە کاروباری ناوخۆییەوە."
 
باڵیۆزی ئێران جەختی کردەوە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی ئێران تەنیا بەپێی رێکارە دەستوورییەکانی وڵات و بە ئیرادەی گەلی ئێران بەڕێوەدەچێت و هیچ دەستوەردانێکی بیانی قبووڵ ناکەن. ئەم وەڵامەی تاران دوای ئەوە دێت، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس رایگەیاندبوو، دەبێت رۆڵی لە دانانی رێبەری نوێی ئێران هەبێت و کوڕی خامنەیی وەک کاندیدێکی گونجاو رەتکردبووەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئیرەوانی جارێکی دیکە وەڵامە سەربازییەکانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا بە "یاسایی و گونجاو" وەسف کرد.
 
 سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە پێکانی شوێنە سڤیلەکان دەکەن لە ناو ئێراندا، باڵیۆزەکە گوتی: "هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانمان دەریدەخەن کە رەنگە هەندێک لەو رووداوانە بەهۆی کاردانەوە و تێکشکاندنەکانی سیستمی بەرگریی ئەمریکاوە بووبێت، کە ئاراستەی مووشەکەکانیان لە ئامانجە سەربازییەکانەوە گۆڕیبێت."
 
ئەم ململانێ دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە جەنگەکە چووەتە هەشتەمین رۆژییەوە و ئاسۆیەک بۆ وەستاندنی بۆردوومانە چڕەکانی سەر تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بەدی ناکرێت.