بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دایکێک و دوو منداڵ لە کرماشان کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شاری ئیسلامئاوا لە کرماشان دایکێک و دوو منداڵی کوژران.
رۆژی شەممە، 7ی ئاداری 2026، هاونیشتمانیەک لە شاری ئیسلامئاوای پارێزگای کرماشان بە (رووداو)ی راگەیاند: "کاژێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکە و بارەگای سوپای پاسداران لە ناو شاری ئیسلامئاوا کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە دایکێک و دوو منداڵ کوژراون."
هاونیشتمانییەکە گوتی: "ئەو دایک و دوو منداڵەکەی لە ناو ئۆتۆمبێل بوون لە کاتی هێرەشەکان لە نزیک شوێنەکە تێپەڕیون و بە تەواوی سووتاون."
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند جارێک شاری ئیسلامئاوا کراوەتە ئامانج و تاوەکو ئێستاش دەنگی فڕۆکە لە ئاسمانی شارەکانی پارێزگای کرماشان دەبیسترێت.
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوبات، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا چەندین جار پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامانی ئێران؛ تاوەکو ئێستا کوژرانی 1332 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و شەش هەزار و 186 کەسی دیکەش بریندار بوون.