ئێران: لە 24 کاژێردا 221 سەربازی ئەمریکی کوژراون یان بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی خاتمولئەنبیا (بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی سەربازی لە ئێران) دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران لە 24 کاژێری رابردوودا، لانیکەم 221 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە کوژراون یان بریندار بوون.
ئەمڕۆ شەممە 07-03-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، هێرشەکانیان دژی بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل بە چڕی بەردەوام دەبن.
بەگوتەی ئیبراهیم زولفەقاری، لە 24 کاژێری رابردوودا چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و لە یەکێک لە هێرشەکاندا بۆ سەر کەشتییەکی جەنگی، 21 سەربازی ئەمریکی کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
هاوکات گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتمولئەنبیا ئەوەشی خستەڕوو، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئەلزەفرەی ئیمارات کە لە ئەنجامدا نزیکەی 200 کەس کوژراون یان بریندار بوون.
ئیبراهیم زولفەقاری باس لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوت هەڵگریش دەکات لە باکووری کەنداو و دەڵێت، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا.
قەرارگەی ناوەندیی خاتمولئەنبیا بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی سەربازییە لە ئێران، کە هاوئاهەنگیی نێوان ئەرتەش و سوپای پاسداران دەکات.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.