وەزارەتی پیشەسازیی ئێران: هیچ کێشەیەکی دابینکردنی کاڵای سەرەکیمان لە پارێزگاکان نییە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانیی ئێران رایدەگەیێنێت، هیچ کەموکوڕییەک لە دابینکردنی کاڵای سەرەکیدا لەو پارێزگایانە نییە کە پێشوازی لە گەشتیاران و ئاوارەکان دەکەن و جەختیش دەکاتەوە، بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن.
محەممەد سادق موفتەح، جێگری وەزیری پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی رایگەیاند، دۆخی دابینکردنی کاڵا لەو پارێزگایانەی پێشوازی لە گەشتیار و ئاوارە دەکەن، بەشێوەی رۆژانە چاودێری دەکرێت و ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت، بەزووترین کات چارەسەر دەکرێت.
لەبارەی دابینکردنی نانەوا بۆ هاووڵاتییان، موفتەح ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لەو پارێزگایانە کێشەی کەمیی ئاردیان هەبووە، بەڵام بەهۆی هاوئاهەنگییەکانیانەوە، پشکەکانی ئاردی ئەو ناوچانە زیاد کراون.
گوتیشی: "بەهۆی هاوئاهەنگی لەگەڵ ژووری پیشەسازی و سەندیکاکان، سەرجەم نانەواخانەکان بەشێوەی چەند شەفت کاردەکەن بۆ ئەوەی پێویستیی خەڵک دابین بکەن."
جێگری وەزیری پیشەسازی جەختی لەوەش کردەوە کە یەکە بەرهەمهێن و پیشەسازییەکان بەبێ پشوودان سەرقاڵی بەرهەمهێنانن و، لە وەزارەتی پیشەسازیشەوە بەردەوام ئاستەنگەکانی بەردەم بەرهەمهێنان لادەبەن و رێکارەکان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە ئاسان دەکەن.