لایەنگرانی حکومەتی ئێران لە شارەکان کۆدەبنەوە و پاڵپشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ پێنانە نێو رۆژی هەشتەمی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە، لایەنگرانی حکومەت لەسەر داوای بەرپرسان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزە چەکدارەکان دووپات دەکەنەوە.
 
یەکێک لەو شارانەی گردبوونەوەی تێدا دەکرێت، شاری لاهیجانە لە پارێزگای گیلان. خەڵکێکی زۆر بۆ پاڵپشتیی حکومەتەکەیان و هێزە چەکدارەکان لەوێ کۆبوونەتەوە. 
 
دانیشتوویەکی لاهیجان لەبارەی دۆخی شارەکەیان و ئامادەیی خەڵکەوە دەڵێت: "بیستم گوتیان خەڵکی لاهیجان لە ماڵەکانیان ماونەتەوە و ئەو هەموو خەڵک لە لاهیجان نییە، ئەم خەڵکە لەو شەوانەدا بێ ماڵ و حاڵن، بێ سەر و سامانن."
 
لە شاری زەنجانیش دیمەنی گردبوونەوەی هاوشێوە دەبینرێت؛ خەڵک بەشداریی رێوڕەسمی شینگێڕان دەکەن و مانەوەیان لەسەر شەقامەکان وەک پاڵپشتییەک بۆ هێزە ئەمنییەکان نیشان دەدەن.
 
ئیسرافیل عەسکەری، دانیشتووی زەنجان، پەیامی بەشداربووان گردبوونەوەکە دەلێت : "پەیامی ئێمە ئەوەیە کە بە هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان بڵێن،کە ئێمە لە سەر شەقامەکانین ئێمە ئێرە دەپارێزین، ئێوە سەرقاڵی کاری خۆتان بن."
 
لە کاتێکدا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێ ناوەتە رۆژی هەشتەمەوە، زیانە گیانی و ماددییەکان روو لە زیادبوونن. رۆژی هەینی، کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئامارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە 3500 یەکەی نیشتەجێبوون و زیاتر لە 500 یەکەی بازرگانیش بەتەواوی خاپوور کراون.
 
بەپێی ئامارەکەی مانگی سووری ئێران، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، هەزار و 332 کەس کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش بریندار بوون.