قالیباف: تاوەکو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بن، وڵاتان ئارامی نابینن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سیاسەتی بەرگریی وڵاتەکەی نەگۆڕە و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا بەندە بە نەمانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سیاسەتە بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای رێنوێنییەکانی ئیمامی شەهیدمان جێگیر و جێبەجێ کراوە."
 
قالیباف، هێرشی تووندی کردە سەر بوونی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە و رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەبن، وڵاتان رووی ئارامی نابینن."
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە یەکڕیزیی نێوخۆیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "هەموو بەرپرسان و گەل لەسەر ئەم ئەسڵ و بنەمایە یەکگرتوون."
 
ئەم لێدوانەی قالیباف لە کاتێکدایە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و بەرپرسانی ئێران جەخت لە کشانەوەی هێزە بیانییەکان وەکو تاکە رێگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە.